کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پاڵپشتیی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە بانگەوازی نەورۆزی خاکیپۆشان

19:08 - 10 رەشەمه 2724

نووسەران و خامەبەدەستانی کوردستان!

هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی نیشتمان!

کۆمەڵگەی فەرهەنگیی کوردستان!

وەک دەزانین نەورۆز بۆنەیەکی کۆن و دێرینی نەتەوە و گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام لە کوردستان وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی، مێژوو، فەلسەفە و پێناسەیەکی قووڵی لە پشتە کە ساڵانە لە چوار بەشی کوردستان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی داگیرکراومان بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە و ڕێوڕەسمگەلێکی بەشکۆی ئەم بۆنە نەتەوەیییە بەڕێوە دەچێت.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی وریا و هۆشیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تایبەتمەندییەکی جیاوازتریان بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەخشیوە و وێڕای ناودێرکردنی ساڵانەی نەورۆزەکان، یەکڕیز و یەکگرتوو لە کەڕنەڤاڵگەلێکی گشتی و بە ئاگرکردنەوە، گۆڤەند، هەڵپەڕکێ، کولتووری ڕەنگاڵە و سروود و هێما و سیمبۆلە کوردستانییەکانی دیکە و بەتایبەت جلی خاکی و هەوری و جامانە وەک سێ هێمای ڕزگاریخوازی، سنووری شوناسی کوردستانیبوونی خۆیان لەگەڵ داگیرکەران زۆر زەقتر کردووەتەوە.

نەورۆزی ئەمساڵیش لەلایەن ڕێکخراوە و دامەزراوە و ئەنجومەنە خەڵکییەکان و چالاکی ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە بانگەواز و چالاکیی جۆربەجۆردا بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" ناودێر کراوە و ئەم ناودێرکردنەش بێگومان بە خوێندنەوەیەکی تێگەیشتووانە و وردبینانە کراوە. بۆیە پێویستە هەموومان سەرەڕای بۆچوون و ڕوانگە جیاوازە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانمان، پێکەوە یەکدەنگ پاڵپشتی لەم بانگەوازە بکەین.

ناوەندی نووسەرانی کوردستان وێڕای پاڵپشتی لە بانگەوازی ناودێرکردنی "نەورۆزی خاکیپۆشان"، داوا لە ئەندامانی ناوەند، نووسەران، خامەبەدەستان، هونەرمەندان، ڕووناکبیران، کەسایەتی و چالاکان و سەرجەم کۆمەڵگەی فەرهەنگیی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکات کە پاڵپشتیی لەم بانگەوازە بکەن و هەروەها خاکیپۆشانە و هەوریپۆشانە و جامانەلەمل و هەوریلەمل ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵمان گەرموگۆڕتر بکەن.

هەموو پێکەوە بە خرۆشان

بەرەو نەورۆزی خاکیپۆشان

ژن، ژیان، ئازادی

ناوەندی نووسەرانی کوردستان

١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤

٢٨ی فێبریواریی ٢٠٢۵