کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە سنە و ناڕوونی لە چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی لە دێولان

10:57 - 15 رێبەندان 2724

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "گۆران خودامورادی" خەڵکی گوندی "شیان" و دانیشتووی شاری سنە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان پاش بانگکران بۆ لقی ٤ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادگای ڕێژیم لە شاری سنە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە تۆمەتی "هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام" بە چوار ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

گۆران خودامورادی ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاشان لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەردا بە دانانی بارمتەی پانسەد میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەر لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندان، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی مێهدی جەوانمەردی کە پێشتر دەسبەسەر کرابوو، بۆ یەکێکی دیکە لە گرتنگە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە ڕاگوێزراوە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

جەوانمەردی خەڵکی شاری دێولانە و ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

مێهدی جەوانمەردی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیە کە پێشتر لەلایەن بێدادگای ڕێژیمەوە بە ٦٩ مانگ بەندکران سزا درابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممەی حەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان لەگەڵ فەرهاد زەندی یەکێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنی شاری دیولان دەسبەسەر کرابوو.

کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتەکانی ڕێژیم بۆ سەر کەمینە نەتەوەییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا، هۆشداریی دابوو.

ئەم ناوەندە ماڤی مرۆییە لە ڕاپۆرتەکەیدا لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان ڕایگەیاندبوو کە لە پاش مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان لە ناڕەزایەتی بە حوکمی لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی ژن، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دەسبەسەرکرانی چالاکانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە پەرەی سەندووە.