کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە شنۆ

11:44 - 15 رێبەندان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندان، دایە زولەیخا قودرەتمەند دایکی شەهید ئەبوبەکر جەدیدولئیسلام لە شاڕۆچکەی نەڵۆسی شنۆ کۆچی دوایی کرد.

دایە زولەیخا ژنێکی دڵسۆز و نیشتماندۆست بوو و هەمیشە وەفادار بە ڕێبازی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بوو.

شەهید ئەبوبەکر ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو کە لەگەڵ شەهید قادر شووبەیلی پەیوەندیی تەشکیلاتی هەبوو.

ناوبراو ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی ئەو کاتەی کە سەرباز بوو لە گرتنی پایەگانی ڕێژیم لە دێشەمس و دێگورجێ هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کرد کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزب دەسبەسەر کرا و پاش ٤ ساڵ زیندان، ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ساڵی ٦٧ لە زیندانی ورمێ وێرای چەند سەربازی دیکەی شنۆ لە سێدارە درا و تەرمەکەی لە باخی ڕەزەوانی ورمی نێژراوە.

تەرمی دایە زولەیخا لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نەڵۆس و ناوچەکە لە گۆڕستانی شێخاڵی نەڵۆس بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.