کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو لەسەر سێی تاڵاوەکانی ئێران مەترسی جیددی وشکبوونیان لەسەرە

11:59 - 15 رێبەندان 2724

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەهۆی کەمبوونەوەی باران بارین و نەبوونی ئاوی پێویست، زۆرێک تاڵاوە گرینگەکانی ئێران وەک هاموون، بەختەگان و گاوخوونی، لە دۆخێکی قەیراناویی دان.

تاڵاوەکان ئیکۆسیستمێکی گرینگ دێنە ئەژمار و ڕۆڵێکی گرینگیان لە پاراستنی جۆراوجۆری ڕووەک و ئاژەڵەکان و گیانلەبەرەکاندا هەیە ، هەروەها کاریگەری لەسەر مامناوەندکردنی کەشوهەوا و ڕێگریکردن لە هەستانی لافاوی و هەستانی باهۆز و تۆز و خۆڵیش هەیە.

بەڵام دەستێوەردانەکانی وەکوو تێکەڵکردنی ئاوەڕۆەکان، هاتنی زۆرێک مادەی پیسکەری بیۆلۆژیک و شیمیایی کە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، شارەکان و گوندەکان و شوێنی دیکەوە بەرەو تاڵاوەکان دێن، گۆڕینی شێوەی بەکارهێنانی زەوییەکان، ڕاوکردنی زۆر و کەڵک وەرگرتنی نابەجێ لە سەرچاوە ئاوییەکان هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئەو ئیکۆسیستەمە.

هەروەها لە پاڵ ئەو هۆکارانە نەبوونی بەرپرسی پێوەندیداری کارامە بۆ ڕێگریکردن لەو کێشە ژینگەییانەش هۆکارێکی سەرەکی دیکە بۆ لەناوچوون و وشکبوونی ئەو تاڵاوانە.

لەم پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ئیدعای کردووە کە سەرەڕای هەبوونی چەندین بەرنامەی بەڕێوەبەری بۆ پاراستنی تاڵاوەکان، جێبەجێکردنی ئەم بەرنامانە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک نەبوونی بووجە، بەشداری نەکردنی خەڵک و نەبوونی ڕێکارێکی گونجاو بوونەتەوە.

هەروەها کەمبوونەوەی باران بارین و وشکەساڵی بەردەوام دۆخەکەی خراپتر کردووە. شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، ڕەنگە نەوەکانی داهاتوو تەنیا ناوی تاڵاوەکانی ببیستن و چیتر نەتوانن بیانبینن.

بە پێی ئامارەکان لە ئێستادا لە کۆی ٢٢٦ تاڵاو لە ئێراندا، زیاتر لە ٥٠ تاڵاو شوێنی هەستانی تۆز و خۆڵن کە لەو تاڵاوانە دەتوانین ئاماژە بە تاڵاوەکانی "هوورەلعەزیم، شادگان، هاموون، میقان، ساڵحییە،گاوخوون و بەختەگان" و چەندین تاڵاوی دیکە بکەین.