کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایم: کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە لێواری هەڵدێر

12:07 - 15 رێبەندان 2724

ڕۆژنامەی "تایم" لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر هۆکارەکانی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران و ناوچەکەدا لە چەند مانگی ڕابردوودا و دۆخی هەنووکەی ڕێژیمی بە دۆخێکی کارەساتبار لە قەڵەم داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تایم کە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندان بڵاو کراوەتەوە، ڕووخانی کتوپڕی ڕێژیمی ئەسەد و هەروەها لاوازبوونی دوو گرووپی سەر بە تاران، حەماس و حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرەکیترین هۆکارەکانی لاوزابوونی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدان.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە زیادی کردووە لە ئێستادا تەنیا حوسییەکانی یەمەن بۆ کۆماری ئیسلامی ماونەتەوە و جەختیشی کردووەتەوە کە بەهۆی ڕاگیرانی شەڕ لە غەززە و لوبنان، ئیسرائیل لە ئێستادا باشتر دەتوانێت هێرشەکانی بۆ سەر ئەم گرووپەی سەر بە تاران ئەنجام بدات.

تایم بە ئاماژەدان بە ئاڵوگۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل دەیزانی کە تواناکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵامدانەوە سنووردارە و هەر بۆیە نێتانیاهوو فەرمانی هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ سەر خاکی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا دەرکرد.

ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا و بە ئاماژەدان بە هاتنەسەرکاری ترامپ بۆ جارێکی دیکە هێناویەتی کە "دۆناڵد ترامپ ئەگەرچی خوازیاری شەڕێکی هەمەلایەنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا نییە بەڵام بە وردی ئاگاداری هەوڵەکانی ڕێبەرانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت و ڕێگری لەم بابەتەدا دەکات".

تایم زیادبوونی گوشارەکانی لە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێڕشکردنەسەر بنکە ناوکییەکانی ئێرانی ڕەت نەکردووەتەوە.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە پێوەندیی لەگەڵ قەیرانە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی باسی لە ئابووریی وێران و دراوی بەرەو داڕمانی ئێران کردووە و جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران بەم بۆنەوە تووڕە و ناڕازین کە ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ڕیبەرانی دەسەلات لە تاران.

ڕاپۆرتەکە هەڵاوسان، قەیرانی نەبوونی وزە و گوشارەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە سەر کچان و ژنانی کۆمەڵگای بە هۆکارەکانی دیکەی بۆ سەرهەڵدانی خولێکی دیکە لە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان لە ئێران زانیوە.

تایم بە ئاماژەدان بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە زیادی کردووە کە لە ئێستادا ناڕەزایەتییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت پشتیوانانی ڕێژیمیش لە هێندێک بابەتی وەک ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد ناڕازین و بێدەسەلاتیی کۆماری ئیسلامی بۆ فریاکەوتنی بەشار ئەسەد تا ڕادەیەکی زۆر بێهیوای کردوونە.

ڕاپۆرتەکە لە بەشی کۆتاییدا پەرژاوەتە سەر دۆخی خراپی تەندروستیی ڕێبەری ڕێژیم و باسی لە سەردەمی پاش مردنی خامنەیی کردووە و جەختی کردووەتەوە کە زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەر ئەو بڕوایەن کە کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە لیواری هەڵدێر و تەنیا یەک گوشار لە کاتی گونجاودا دەتوانێت لەنێوی ببات.

هەرچەند کە ئەم ڕۆژنامە ئاماژەی بەوەش داوە کە مەترسیی ئەوە هەیە ڕێبەرانی دەسەڵات لە تاران بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکان دەست بدەنە هەوڵێکی مەترسیدار و بە پاشکەوتە یەکجارزۆرەکانی مووشەک و دڕۆن، ناوچەکە گیرۆدەی شەڕێکی گەورە بکەن و کێشەیەکی جیهانی بخولقێنن.