له درێژه‌ی گوشاره به‌ربڵاوه‌کان بۆ سه‌ر مامۆستایانی قوتابخانه له کوردستان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" ڕۆژی یه‌کشەممه ١٤ی ڕێبه‌ندان، ڕاپۆرتێکی له‌مه‌ڕ ده‌رکردنی سزای قورس له دژی مامۆستایانی قوتابخانه له کوردستان له‌لایه‌ن ئیداره‌ی په‌روه‌رده و بارهێنانی ڕێژیم له پارێزگای سنه‌وه بڵاو کرده‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئه‌و ٤٧ مامۆستا کورده له شاره‌کانی سنه، مه‌ریوان، سه‌قز، دیوانده‌ره، زێویه و دێولان له‌لایه‌ن ئیداره‌ی په‌روه‌رده و بارهێنانی ڕێژیمه‌وه له سنه ڕووبەرووی سزای بڕینی پەلەبەندی و دەرکرن بوونەتەوە.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته، ئه‌و سزایانه له دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رکوتی قوتابخانەکان و مامۆستایانی سێنفی کوردستان ده‌رکراون.
به گشتی سه‌پاندنی ئه‌و سزایانه له دژی چالاکانی سێنفی کوردستان، ٢٧مامۆستا تووشی بڕینی پله‌به‌ندی، ١٠ مامۆستا تووشی ده‌رکران، 6٦که‌سی تر به سه‌رکۆنه‌کردن به شیوه‌ی نووسراوه، ٤ که‌س به که‌مکردنه‌وه‌ی مانگانه، ٢ که‌س به دوورخرانه‌وه و بێبه‌شکردنی مامۆستایه‌کیش له به‌رپرسایه‌تیی هه‌ستیار و به‌ڕێوه‌به‌ری سزا دراون.
هه‌روه‌ها له‌و ڕێژه‌یه‌دا ٣٤ مامۆستا له چالاکانی سێنفی مامۆستایانی پیاو و ١٣ مامۆستاش ژن بوونه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا، مامۆستایانی کوردستان له ٦ی ڕێبه‌ندان له نامه‌یه‌کی سه‌راوه‌ڵادا به سه‌رنجدان به په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رکوتی مامۆستایانی قوتابخانه له کوردستان دوای شۆڕشی ژینا، باسیان له ٧٠٠حاڵه‌تی که‌مکردنه‌وه‌ی مانگانه، ٤٧حاڵه‌تی بێبه‌شکردن له مافی پله‌به‌ندی، دروستکردنی دۆسیه بۆ هه‌زاران مامۆستا، ده‌رکردنی سزای ده‌رکران، دوورخرانه‌وه، خانه‌نشینکردنی زۆره‌ملێ و سزای دیکە بۆ سه‌ر سه‌دان مامۆستای قوتابخانه کردووه.
هه‌روه‌ها "کوردپا" باسی له‌وه کرد که له سه‌ره‌تای شۆڕشی ژیناوه زیاتر له ٥٠ مامۆستای کورد ده‌سبه‌سه‌ر کراون که ٣٣ حاڵه‌تیان تایبه‌ت به پارێزگای سنه بووه.