کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی هەم میهەن: یەک هەنگاو تا قەیرانی ئاو

20:57 - 15 رێبەندان 2724

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر قەیرانی کەمیی ئاو لە وەرزی گەرمای داهاتوودا و باسی لە کەمبوونەوەی پاشەکەوتی بەنداوەکانی ئێران کردووە.

ئەم ڕۆژنامە لە چاپی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندان، هێناویەتی کە ئەگەری هەیە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینەکانی ئەمساڵ و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە وەرزی هاویندا ئاو جیرەبەندی بکرێت.

هەم میهەن بە ئاماژەدان بە ئامارەکانی بارینی ئەمساڵ و هەروەها دابەزینی پاشەکەوتی بەنداوەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران یەک هەنگاویان بۆ گەیشتن بە قەیران ماوە.

ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیک بە ٥٧ لە سەدی توانای بەنداوەکانی ئیران بەتاڵە و هیوایەکی ئەوتۆ بۆ بارینی پێویست لە مانگەکانی دیکەی وەرزی سەرمادا نییە.

ئەم رۆژنامە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە ڕێژەی چوونەدەرەوەی ئاو لە بەنداوەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەشێکی زۆر لەم ئاوە بە فیڕۆ دەڕوات.

ئەم ڕاپۆرتەی هەم میهەن و باسکردن لە جیرەبەندیی ئاو لەکاتێکدایە کە هەر لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی وزە ماوەتەوە و بچڕانی کارەبا خەساریکی قەرەبوونەکراوی بە پیشەسازییەکانی ئێران گەیاندووە.

بەم پێیە ئەگەر لە وەرزی گەرمادا جگە لە قەیرانی نەبوونی کارەبا، قەیرانی نەبوونی ئاویش بێتە ئاراوە، مەترسییەکی جیددی لە سەر پیشەسازییەکان دروست دەبێت.

جیا لە بابەتی پیشەسازییەکان، کارناسان هۆشدارییان داوە کە کەمبوونەوەی پاشەکەوتی بەنداوەکان، بەشی وەرزێڕی دەخاتە ژێر مەترسییەوە و ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی گرانیی و هەڵاوسانی زیاتر لە بەشی خۆراکدا.