ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندان، هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند کە پێدەچێت دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بڕیاری جێبەجێکردنی کشانەوەی ئەمریکا لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، جگە لە کشانەوەی ئەمریکا لە شۆرای مافی مرۆڤ، ترامپ دەیهەوێ لە هەمان ڕۆژدا هاوکاری ماڵی ئەمریکا بۆ ئاژانسی فریاگوزاری و دۆزینەوی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیک بە ئانروا (UNRWA) ببڕێت .
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: کۆشکی سپی پێی وایە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ڕەخنە گرتن لە چالاکییە یاسایی و بەرگرییەکانی ئیسرائیل، چاوپۆشی لە پێشێلکارییە ترسناکەکانی مافی مرۆڤ لە هێندێک وڵاتدا دەکات و بووەتە دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی هێندێک وڵاتی تایبەت.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی ئانروای (UNRWA) بە هاوکاریی لەگەڵ گرووپی حەماس کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێ دەکات و ئامادەبوونی بەشێک لە کارمەندەکانی لە هێرشی تیرۆریستیی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.
سەرەڕای ئەمە ترامپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی وەک سەرکۆماری ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریسیشی داوە.