وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "فاکس نییوز" باسی لە گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتی نوێی دۆناڵد ترامپەوە کردووە.
مارکۆ ڕۆبیۆ لەم وتووێژەدا لە وڵامی پرسیاری گەڕانەوەی گوشارە هەمەلایەنەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە واشینگتۆن دەبێت گوشارێکی چڕتر بخاتە سەر ئێران تاکوو هەوڵەکانی تاران بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ڕاگرێت.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و پاش هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکیی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە و پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێ لە ئەمریکا، ئەگەرەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە پەرەی سەندووە.
ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژۆرناڵ'' لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەتی ترامپ داوای لە کۆنگرەی ئەمریکا کردووە تاکوو ڕێگە بە فرۆشی هەزاران بۆمب بە ئیسرائیل بدەن.
دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا لە یەکەمین چاوپێکەوتنی فەرمیی خۆی لەگەڵ ڕێبەرانی جیهان، لە کۆشکی سپیدا لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانیشت.
وتەبێژی نێتانیاهوو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر پێویست بکات ئیسرائیل بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا بە دژی کۆماری ئیسلامی ئۆپەراسیۆن ئەنجام ئەدات.
هاوکات عەباس عەراقچی لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی ئەلجەزیرە سەبارەت بە هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران هۆشداریی دابوو.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری وەها هێرشێکدا تاران وڵام ئەداتەوە و زیادیشی کردبوو کە ئاکامی هەوڵێکی لەو چەشنە، هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا دەبێت.