ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندان، کاک عومەر حاجی ڕەسووڵپوور خەڵکی ئاوایی ئاڵیکەند سەر بە ناوچەی ئەحمەدی کوری بۆکان، ئەندامی حیزبی دێموکرات و باوکی شەهید محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک عومەرحاجی ڕەسووڵپوور پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کاروانی خەباتی بنەماڵەی دێمۆکرات بوو .
ناوبرا لە سەرەتاوە لە دەستەی هێزی بەرگرییەوە کە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ خەڵکی ئاسایی دروست ببوو دەستی بە تێکۆشان کرد.
پاش شەڕی سێ مانگە و گیرانەوەی شاری بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە کاک عومەر بەفەرمی لەلایەن کۆمیتە ناوچەی ئەحمەدی کۆری بۆکانەوە وەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەرگیرا و دەستبەکار بوو.
کاک عومەر بەشداریی دەیان مەئموورییەت و چالاکیی حیزبی دێموکراتی کردبوو و کەسایەتییەکی خۆشناو و کوردپەروەر و مرۆڤێکی نیشتمان خۆشەویست بوو.
محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، زیندانیی سیاسیی پێشوو و لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بریندار کرا و لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی قولیپوور خەوێندرا و پاش ٦ ڕۆژ لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی سەرماوەزدا شەهید بوو.
تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی ئاڵیکەند لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئاوایی و دەورووبەر بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.