سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی بێهرووز فەیزی، فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری، دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی بێهرووز فەیزی، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی فەیزی، ئەم هاووڵاتییە بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گواستراوەتەوە.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە دوو هاووڵاتی دیکە بەناوەکانی فایەق ڕەشیدییان و فەرزاد نووری خەڵکی گوندی ''خوردە لۆکی'' سەر بە شاری سەقز ماوەی زیاتر لە مانگێکە دەسبەسەر کراون کە هەتا ئیستا چارەنووسیان ناڕوونە.
سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک لە دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، تا ئێستا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون.
تا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چەند هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بێ ئەنجام ماوە.
کوردپا باسی لەوە کردووە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییانە کردووە کە خۆیان لە ڕاگەیاندنی هەواڵی دەسبەسەکردنی منداڵەکانیان بە میدیاکان بەدوور بگرن.