کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ

09:57 - 13 رێبەندان 2724

حاجی ئەحمەد گەرگوول ناسراو بە حاجی ئەحمەد سڵێمان لە گوندی "سینگان"ی سەر بە شاری شنۆ له تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

حاجی ئەحمەد ئەندامێکی وەفاداری حیزبی دێموکرات بوو و بە هەموو شێوەیەک لاوەکانی ئەو ناوچەیەی هان دەدا کە ببن بە ئەندامی حیزب و خزمەتی نیشتمانەکەیان بکەن.

حاجی ئەحمەد لەگەڵ شەهید کەماڵ خزری پەیوەندی تەشکیلاتی گرتووە و وەک ئەندامی حیزبی کار و چالاکی و ئەرکی حیزبی بەجێ گەیاندووە.

حاجی ئەحمەد ساڵی ١٣٨٩ وێڕای کوڕەکەی لهلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر ئەشکەنجەدا بوو و بە تۆمەتی ئەندامبوون له حیزبی دێموکرات دوو ساڵ سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاند. بەڵام زیندان بە چۆکیدا نەهێنا و دوای ئازادبوونی لە کار و چالاکیی حیزبی بەردەوام بوو.

حاجی ئەحمەد هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان مایەوە و ئاواتی ئەوە بوو کە ڕزگاری وڵاتەکەی بە چاوی خۆی ببینێ.

تەرمی ناوبراو له گۆڕستانی سینگان لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.