جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتووێژێک لەگەڵ میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران، کۆماری ئیسلامیی بە هەڕەشەیەک بۆ هەموو جیهان زانی.
شارێن هاسکێل بە ئاماژەدان بە کێشەی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو جیهان، وتی: "نە تەنیا ئەمریکا بەڵکوو ئێستا بۆ هەموو خەڵکانی جیهان دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتییە و دەسەڵاتێکە کە ئیسلامی ڕادیکاڵ و ئاژاوە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و لە ئێستادا نە تەنیا بۆ ئیسرائیل بەڵکوو بۆ هەموو جیهان جێگای مەترسییە".
هاسکێل لە درێژەی قسەکانیدا و سەبارەت بە خۆڕاگرییەکانی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەو ئازارانەی کە ڕێژیمی دێوەزمە بە خەڵکی ئێرانی ئەدات دەرخەری ئەو ڕووداوانەیە کە وەها ڕێژیمێک دەتوانێت بۆ هەموو جیهانی بخولقێنێت.
جیگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بە دانیشتنی بێنیامین نێتانیاهوو لەگەڵ دۆناڵد ترامپ زیادی کردووە کە ئەم دانیشتنانە لە چەند ساڵی داهاتوودا بە باشترین شێوە ئاڵوگۆڕ لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەکەن.
چەند سێناتۆرێکی کۆماریخوازی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ ئەم کاناڵەدا و لە پێوەندیی لەگەڵ دانیشتنی ترامپ و نێتانیاهوو وەک یەکەمین چاوپێکەوتنی فەرمی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ ڕێبەری وڵاتانی جیهان، جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە گوشاری هەمەلایەنەی دەوڵەتی ترامپ دەتوانێت داهاتە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریسم بنبڕ بکات.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی ڕابردوو و تەنیا چەند کاتژمێر پێش چاوپێکەوتن لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، فەرمانێکی واژۆ کرد کە گوشارە هەمەلایەنەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە.
ئەم فەرمانە وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئەرکدار دەکات تاکوو بە گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆکان و چاوەدێریی چڕتر، زۆرینەی گوشارە ئابوورییەکان بخرێتە سەر ئێران.
تەنیا چەند خولەک پاش واژۆکردنی ئەم فەرمانە نرخی دۆلار ٨٥ هەزار تمەنی تێپەڕ کرد.