ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی دایە نەجیبە غەفووری دایکی شەهید حامید عەزیزی بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد.
دایە نەجیبە هاوسەری پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران مامە عەزە نەجاڕ، یەکێک لەو ژنە تێکۆشەر و دڵسۆزانەی حیزبی دێموکرات بوو کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی و بنەماڵەکەی کردە قوربانیی ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی.
دایە نەجیبە بە هۆی هاوسەر و برا شۆڕشگێڕەکەیەوە لە ساڵانی دەیەی ٤٠ هەتاویدا لەگەڵ حیزبی دێموکرات ئاشنا بوو. لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتدا، دایە نەجیبە و بنەماڵەکەی بە تێکڕا تەڤلی خەبات و تێکۆشان بوون، مامە عەزیزی هاوسەری و ٤ کوڕی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان لە ئەستۆ بوو تا ئەو کاتەی کە لەسەر ئیزنی حیزب چوونەوە ناو شاری بانە. ئەوان هەموو کات لە نزیک بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە ژیانیان ئەبردە سەر و ماڵ و دیوەخانیان جیگەی حەوانەوەی ڕۆڵەکانی دێموکرات بوو.
کوڕێکی دایە نەجیبە بە ناوی شەهید حامید عەزیزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شەڕێکی دەستەویەخە دا لەگەڵ هێزی داگیرکەر لە گوندی وشکەدەرە بە گولـلەی دوژمن شەهید کرا.
برایەکی دایە نەجیبە بە ناوی شەهید کەریم غەفووری لە شەڕ لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر لە ساڵی١٣٦١ی هەتاوی لە نزیک گوندی سیچان بە دەستڕێژی دوژمن شەهید کرا.
هەر ئێستاش دوو کوڕی دایە نەجیبە بە ناوەکانی کاک عومەر و کاک خالید عەزیزی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا و لە دەرەوەی وڵات خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ئەکەن .ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت