کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سه‌قز/ هه‌ڵكردنی‌ لۆگۆی حیزب به‌بۆنه‌ی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ ١٧ی‌ حیزبی‌ دێموكرات

11:37 - 17 رێبەندان 2724

ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ ١٧ی ڕێبەندانی، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٧ی حیزب، لۆگۆیەکی گەورەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە مەیدانی کەریماوای شاری سەقز هەڵ کرد.

پێشمەرگەکانی شار لە شاری سەقزی دێموکراتپەروەر لە ١٧ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا لە لای نیوەڕۆ کە قەرەباڵغرترین کاتی ڕۆژە لە گۆڕەپانی کەریماوا کە یەکێک لە سەرەکیترین و قەرەباڵغترین مەیدانەکانی شاری سەقزە و هەروەها لەکاتی شۆڕشی شکۆداری ژینا یەکێک لە شوێن و مەکۆکانی ناڕەزایەتی بوو، لۆگۆی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٧ ناوسراو بە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، هەڵ کرد.

ئەو تێکۆشەرە دەروەست و بوێرانەی دێموکرات لە ناوەڕاستی ڕۆژدا لە تەنیشت دووربینە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم کە بۆ شناسایی خەڵک و تێکۆشەران دایمەزراندووە ئەو لۆگۆ گەورەیان هەڵکرد و بە بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییە قارەمانانە سەلماندیان کە هەموو دامودەزگاکانی ڕێژیم بە هەموو هێز و توانای هەرەپووچەڵیان ناتوانن بەر بە خەباتی نەتەوەیی نەتەوەی کورد و حیزب بگرن و هەروەها پەیمانیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە و بەو شێویە پەیامی پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٧یان بە حیزب و هەموو نەتەوەی کورد گەیاند.

جێگەی ئاماژەیە دوای چالاکییەکە ژمارەیەکی زۆر لە هێزە داگیرکەرەکانی ئێران کە بریتی بوون لە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە شڵەژاوی ڕژانە شوێنی چالاکییەکە و ئەو ناوچەیان بەتەواوی مێلیتاریزە کرد و بە سەرێکی شۆڕ و بەزێندراو داوی چەند کاتژمێر گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان.