دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە فەرمانێکی جێبەجێکردندا، داوای کردووە هەناردەی نەوتی ئێران بەتایبەت بۆ چین بگاتە سفر و هەرچی زیاتر ڕێژیمی ئێران گۆشەگیر بکرێت و کۆتایی بە هەڕەشەی ناوکی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی بهێنرێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندان، لەم فەرمانە جێبەجێکارییەدا جەختی لەوە کردەوە کە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا و پێویستە زۆرترین گوشار بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران هەتا هەڕەشە ناوکییەکانی کۆتایی پێ بێت و بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی سنووردار بکرێت و واز لە پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان بهێنێت.
لەم فەرمانە جێبەجێکارییەدا کە بە یاداشتنامە یان ڕێکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ناو دەبردرێت، باس لە مێژووی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کراوە و پاشان فەرمانی تایبەت بە وەزیرانی خەزێنەداری، کاروباری دەرەوە، داد، بازرگانی و نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە بۆ ئەوەی زۆرترین گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی.
دۆناڵد ترامپ لە پێشەکی فەرمانی جێبەجێکردن بۆ زۆرترین گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ وەک ڕێژیمێکی ئینقلابی لەسەر بنەمای ئایین دامەزراوە، دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاندووە.