هاوکات لەگەڵ گرانیی شتومک و خواردەمەنییەکان لە ئێران، نرخی پەتاتە بەهۆی کەمبوونی ئەم خۆراکەوە، گەیشتووەتە کیلۆیەک ٩٠ هەزار تمەن.
گرانیی لەڕادەبەدەری نرخی پەتاتە لە ئێران لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی گومرکی ڕێژیم، تەنیا لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٠٧ هەزار تۆن پەتاتە بە نرخی هەر کیلۆ ١٤ هەزار تمەن هەناردەی دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان کراوە.
پرسی گرانیی پەتاتە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە کۆبوونەوەی فەرمیی مەجلیسی ڕێژیمدا باسی لێ کراوە.
مێهرداد لاهووتی نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی نەبوونی بەڕێوەبەریی پێویست و مانەوەی پەتاتەکان لە کۆگاکانی بە هۆکاری سەرەکیی دۆخەکە زانی.
بەڵام بە پێچەوانەی قسەکانی لاهووتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو مانگی سەرماوەز، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تۆن پەتاتە لە ئێرانەوە بە کەمترین نرخ هەناردەی وڵاتانی دیکە کراوە و ئەمە سەرەکیترین کێشەی گرانی و نەبوونی پەتاتە لە ئێرانە.
لە ئێستادا وەزیری وەرزێڕیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە دەوڵەت ڕێگەی داوە تاکوو ٥٠ هەزار تۆن پەتاتە هاوردە بکرێت.
نرخی پەتاتە لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار تمەن بووە و لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧٠ تا ٩٠ هەزار تمەن و هەروەها لە مانگی ڕابردوودا نرخی پەتاتە ٢٧ هەزار تمەن بووە.
لە دوای گەنم و برنج، پەتاتە یەکێک لەو خواردەمەنییانەیە کە لەلایەن بنەماڵەکانەوە لە ئێران زۆرتر لە کاڵاکانی دیکە بەکار دەبرێت.
بەهۆی گرانیی گۆشت و مریشک و بەرهەمە گۆشتییەکان، خەڵکی ئێران بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرتر ڕوویان کردووەتە خۆراکە کەم نرخەکانی دیکە وەک پەتاتە.