کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیرووتەوە جانتای دۆلار دەگەیەنێتە حیزبوڵڵا

10:13 - 13 رێبەندان 2724

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل لە کۆمیتەی سەرپەرشتیکردنی ئاگربەست لە لوبنان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا سکاڵای کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئێرانی و کەسانی دیکە، دەیان میلیۆن دۆلار پارە بۆ بەهێزکردنەوە و ڕێکخستەوەی حیزبوڵڵا بۆ ئەم گرووپە دەگوازنەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی ١٢ ڕێبەندان، بڵاو کراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکاوە پشتڕاست کراوەتەوە، ئیسرائیل لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە کە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمریکایی لە تارانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیرووت دەڕۆن.

ئیسرائیل هەروەها ئیدعای ئەوەی کردووە کە هاووڵاتییانی تورکیەش پارەیان لە ئیستانبوڵەوە بۆ بەیرووت گواستووەتەوە.

کۆمیتەی ئاگربەست کە لە پێڕاگەیشتن بە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکە بەرپرسیار نییە، ئەو سکاڵایەی بۆ دەوڵەتی لوبنان گواستووەتەوە، ئەم کۆمیتەیە نوێنەرانی ئیسرائیل، لوبنان، ئەمریکا، فەرانسە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، دەوڵەتی لوبنان پێویستە کۆنترۆڵی چوونە ناو وڵاتەکەی بکات و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەلوپەلەکانی پەیوەندیدار بە گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا بکات، بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا بە تایبەتی باس لە گواستنەوەی پارەی نەختینەیی نەکراوە.

دوای کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل و بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو گرووپە کوژراون یان برینداربوون، هەروەها ناوچەکانی نفووزی لە باشووری لوبنان و گەڕەکی باشووری بەیرووت زیانی زۆریان بەرکەوتووە، ئەو گرووپە پێویستییەکی زۆری بە پارەی نەختینەیی هەیە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات حیزبوڵڵای لوبنان دووبارە تەیار و ڕێک بخرێتەوە و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشی کردووە لە ئەگەری بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەیرووت بۆ قاچاخی هاوکاریی دارایی بەو گرووپە ئەو فڕۆکەخانەیە دەکاتە ئامانج.