ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندان، کاک قادر کاکیلی، کەسایەتیی دیاری ناوچەی شامات و شاروێران لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
کاک قادر کەسایەتییەکی خۆشناو و حیزبدۆستی ناوچەکە بوو و لە هەموو تەمەنی خۆیدا پاڵپشت و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و ڕێنوێنیدەری لاوان و خەڵکی ناوچەکە بووە.
لە ئێستادا کوڕێکی کاک قادر بە ناوی کاک حەسەن کاکیلی لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدایە و ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەڕێوە دەبات.
تەرمی ناوبراو هەمان ڕۆژ لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەگی ناوچەکە لە گۆڕستانی شەبەک بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.