![](/content/upload/1/news/77568_w920.jpg)
وەزیری نەوتی ڕێژیم ڕۆژێک پاش لە واژۆکردنی فەرمانی سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کردووە کە ئێران لە مانگی بەفرانباردا ڕێژەیەکی بەرچاو نەوتی هەناردە کردووە بە شێوەیەک کە زیاتر بووە لە ئامارەکانی دە ساڵی ڕابردوو.
موحسێن پاکنژاد ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندان وتی: "کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا ڕێکۆردێکی نوێی لە هەناردەکردنی نەوتدا تۆمار کردووە و ئەم هەواڵە بۆ دڵخۆشیی خەڵکی ئێران بڵاو دەکەمەوە".
جیا لەو بابەتە کە داهاتی نەوتی ئێران بە هیچ شێوەیەک بۆ خەڵک نییە و تەنیا خەرجی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیم دەکرێت و خەڵک هیچ دڵخۆشییەکیان بەم هەواڵە نییە، بەپێی داتا جیهانییەکان ئەم قسانەی وەزیری نەوتی ڕێژیم لەسەر هیچ بنەمایەکی ڕاست و دروست نەوتراوە.
کۆمپانیی "تانکێر ترێکێرز" پێشتر ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە مانگی بەفرانباردا ڕۆژانە یەک میلیۆن و ٥٦٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بووە.
ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی و پێش لەوەی کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە بەرجام بێتە دەرەوە، نزیک بە سێ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا بووە کە زۆر لەم ڕێژەی ئێستا کە وەزیری نەوتی ڕێژیم باسی لێ دەکات زیاتر بووە.
جیا لە دابەزینی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لە دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران کردووە.
ڕۆیتێرز دەریخستووە کە لە مانگی یەکەمی زایینی ئەمساڵدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت ٦٠ هەزار بەرمیل لە چاو یەکەم مانگی ساڵی ڕابردووی زایینی کەمی کردووەتەوە.
لە ئێستادا و هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی گوشارەکان لەلایەن دەوڵەتی نوێی ئەمریکاوە، پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕەوتی دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەردەوام دەبێت.
ڕۆیتێرز پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سپای پاسداران پەنجا لەسەدی داهاتە نەوتییەکانی ئێرانی لە کۆنتڕۆڵدایە و نیوەی نەوتی ئەم وڵاتە بۆ خۆی دەبات.