کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی بەربڵاوی کۆمارییخوازەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گوشارە زۆرینەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی

11:45 - 18 رێبەندان 2724

بڕیاری دۆناڵد ترامپ بۆ دەستپێکردنەوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی لەلایەن بەرپرسان و یاسادانەرانی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا و بێدەنگیی دێموکراتەکان لە کۆنگرە پێشوازی لێ کرا.

لایەنگرانی ئەم بڕیارە زۆرترین گوشاریان لە دژی تاران بە کردارێک بۆ پتەوکردنی ئەمنییەت و سەقامگیریی ئەمریکا و ناوچەکە ناو برد.

مایکل والتز، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هەموو بژاردەکان بۆ ڕێگریکردن لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزن.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئەو پرسە کۆکن کە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت.

جیم ڕیش، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سێنای ئەمریکا، پێشوازیی لە بوژانەوەی سیاسەتی گوشارە زۆرینەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: ''هەمیشە پشتیوانیم لە سەپاندنی گەمارۆکان و ڕێگریی کاریگەر بۆ بڕینی سەرچاوەکانی تاران کردووە.''

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، سەرکۆماری ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکاری زۆر توند بۆ دەستپێکردنەوەی سیاسەتی گوشارە زۆرینەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی و بە سیفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران واژۆ کرد و وتی کە کۆماری ئیسلامی چیتر نابێت نەوت بە وڵاتانی دیکە بفرۆشێت.

ترامپ کەمێک پێش کۆبوونەوە لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، لە کۆشکی سپی، فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆ کرد و وتی، هیوادارم پێویست نەکات ئەم بژاردەیە بەکار بهێنین. پێویستە بزانرێت کە ئایا دەتوانین لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێککەوتن یان نا”.