کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ژنکوژی و گوشاری چڕ بۆ سەر ژنان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

12:18 - 18 رێبەندان 2724

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی دیاردەی ژنکوژی لە ئێران و چڕبوونەوەی سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی ژنان لە یەکەمین مانگی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە یەکەمین مانگی ساڵی نوێی زایینیدا لانیکەم ٢٠ ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە دەکاتە ٩ لە سەدی دەسبەسەرکراوانی ئەم مانگە لە ئێراندا.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ٦ ژنی کورد بە ناوەکانی سروە شیری، بەفرین مەحموودی، ئایدا عەموویی، گەلاوێژ موحەممەدی ئەرشەد، پەروین ئەدوایی و سوهەیلا مەتاعی، لەم مانگەدا دەسبەسەر کراون.

هەر بەم پێیە ٣ چالاکی ژن لەم مانگەدا لەلایەن داداگاکانی ڕێژیمەوە سەرجەم بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران حوکم دراون.

هەنگاو لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا و سەبارەت بە پەرەسەندنی دیاردەی ژنکوژی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هێناویەتی کە تەنیا لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ١٨ کچ و ژن لە ئێران کوژراون.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ١٦ کەس لە کوژراوانی ئەم مانگە بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەیان وەک هاوسەر، باوک یان براکانیان کوژراون.

بابەتی بەناو نامووس وەک ڕابردوو زیاترین هۆکاری کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا بووە.

یاسا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ مافی ژنان یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە، بە شێوەیەک کە بەشێکی زۆر لە کوشتنی ژنان بەهۆی بابەتی نامووسەوە، دەکەوێتە چوارچێوەی یاساگەلێک کە بکوژ بەپێی پێویست سزا نادرێت بەتایبەتی ئەگەر بکوژ باوکی کوژراو بێت.