ئیسڕائیل دوای ڕێوڕەسمی سوێندخورادنی ترامپ دەبێ بۆ بەڕەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە بێ
ئورشەلیم پۆست –یاکوب ناگل
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
هاتنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی نیشانەی سەردەمێکی نوێ لە واشینگتۆنە و، هیوای نوێ بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل دروست دەکات.
یەکەمین، گرینگترین و یەکلاکەرەوەترین پرس دەبێ شەڕی هاوبەش و لێبڕاوانە دژی بەرنامەی ناوکی ئێران، ئاکارە ناوچەییەکانی ئەو ڕێژیمە و پشتگیرییەکەی لە ڕێکخراوی تێرۆریستی لە سەرانسەری ناوچەکە بێ.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕافائێل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، باسی ئەگەری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی کرد. ئەو گوتی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ چالاکییە ناوکییەکانی، دەبێ لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی ترامپ بگاتە لیک تێگەیشتن تا بتوانێ پێش بە بەرەوڕووبوونەوەیەکی دیکەی سەربازیی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بگیرێت.
ئەوە هەڵوێستێکی فرە هەڵە و مەترسیدارە، بە تایبەت بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی ناسکی ئێران لە ئێستادا: هەرسهێنانی پلانی دروست کردنی "ئاڵقەیەکی ئاگر" بە دەوری ئیسڕائیلەوە، زەرەری بەرچاو لە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە ستراتێژیکەکەی، تواناییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی هاژەک و تێکڕمانی ئابوورییەکەی کە هەر ئێستا لەئارا دان.
سەرەڕای ئەو ئالنگارییانە، خامنەیی درێژە بە بەروپێش بردنی پیلانە بەرزەفڕانەکەی، واتە لەنێو بردنی ئیسڕائیل، بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی ئاسایی لە ژێر "چەتری ناوکی" تا ٢٠٤٠ دەدا، وەکوو لە کاتژمێرەکەی مەیدانی فەلەستین لە تاران دیار بوو کە پاشماوەی کاتی جێبەجێ بوونی ئەو ڕووادوەی پیشان دەدا.
کاتێک سەرۆک کۆمار بایدن هەڵبژێردرا، نزیکەی چوار ساڵ پێش ئێستا، ئەو ڕایگەیاند کە بە تەمای دەستپێکردنەوەی دانووستان لەگەڵ ئێرانە. ڕاوێژکارەکانی تەنانەت ڕەشنووسێکیان ئامادە کرد کە لەوێدا باسی گەڕانەوەی خێرا بۆ ڕێککەوتنە پڕ لە کەموکوڕییە ناوکییەکەی ٢٠١٥ (بەرجام) کرابوو. سروشتییە کە ئیسڕائیڵ لەبەر ئەو هەڵوێستە گەلێک نیگەران بوو، چونکە ڕێککەوتنەکە کە ترامپ ژیرانە لە ٢٠١٨ لێی کشایەوە، ڕێگایەکی مەترسیدار و زەمانەتی گەیشتن بە چەکی ناوکیی پێشکەشی ئێران دەکرد.
بە خۆشییەوە، بۆ ئیسڕائیل و باقی دنیا، ئێران هەستی بە دەسەڵاتێکی هێندە مەزن دژی بەڕیوەبەرایەتی لاواز و دوو دڵی بایدن دەکرد، کە خێرا مەبەستە ڕاستەقینەکەی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە بە چەند شێوازی جیاواز پیشان دا، بێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک وەڵامی بایدن یان ئورووپا بداتەوە، بێجگە لە چەند لێدوانی لاواز کە هیچ کردەوەیەکی بەدواوە نەبوو.
نابێ دووپات بکرێتەوە
ئێستا ئیسڕائیل دەبێ یەکگرتوو بێ و شیی بکاتەوە بۆچی تەنانەت بیرکردنەوە لە دانووستان لەگەڵ ئێران لە ڕادە بەدەر مەترسیدارە. ئەوە یەکلاکەرەوەیە کە ئەو پەیامە لە لایەن هاوبەشانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، واژۆکەرانی ڕێککەوتنی ئیبڕاهیم، عەڕەبستانی سعوودی و هەموو ئەوانەی بە شێوەی هاوبەش نیگەرانی ئێران و خولیا ناوکییەکاننی، دووپات بکرێتەوە. وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕابردوو دا ئەو نیگەرانییەی پاشگوێ خست، ئێستا فرە گرینگە ئەو کارە دووپات نەبێتەوە.
چالاکییە دوژمنکارانەکانی ئێران دوای هەڵبژێرانی بایدن بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان ئەستاند (نەوەک دوای کشانەوەی ترامپ، کە زۆر لایەن بەهەڵە وا بیر دەکەنەوە).
لە هەڵبژێرانی بایدن بەدواوە، ڕێژیم هەڕەشە و گوڕەشە ناوکییەکەی چڕتر کردۆتەوە، سەدان کیلۆ ئۆرانیۆمی تا خەستیی پلەی ٪٦٠ پیتاندوە، سانتریفیۆژی پێشکەوتووی لە بنکە ژێرزەمینییەکانیدا گەشە پێداوە، بەرهەمی هێناوە و دایمەزراندوون، بنکەی نوێی دروست کردوون و، هەمووی ئەوانە بە بیانووی کەڵک لێوەرگرتنی دووانە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی و بەشێک لە وڵاتانی ئەندامی بەڕێوەبەرییەکەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی توندیان لەمەڕ چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بڵاو کردوونەوە، کە لەواندا پەردە لەسەر پێشێلکارییەکانی پەیماننامەی بڵاونەکردنەوە و پەرەنەدانی چەکی ناوکی و ڕێککەتنی دیکە و هەروەها پێشێلکاریی ڕیککەوتنی ناوکی، لە لایەن ئێرانەوە هەڵداوەتەوە. ئەو ڕاپۆرتانە بە پەسەندکردنی گەمارۆ یان هەنگاوی بەکردەوە پشتگیریی نەکران.
دۆخی ئێستای بەرنامەی ناوکی ڕێگا بە ڕێکەوتنێک نادا کە هەلی بەردەوامبوونی بۆ دەستەبەر بکات. هەموو لایەنێک خوازیاری ڕێککەوتنێکی باشن، بەڵام گرێپووچکەکە لە وردەکارییەکاندایە. ڕێککەوتنێکی باش نابێ ئیزن بە ئێران بدا بە هیچ شێوەیەک درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانی بدا و هیچ ئەگەرێک بۆ قبووڵکردنی ئەو مەرجە لە لایەن ئێرانەوە بوونی نییە. ڕێککەوتنەکە نابێ بیرهێنەرەوە یان تەنانەت هاوشێوەی ڕێککەوتنی پێشوو بە هێندێک چاکسازیی بچووکەوە بێ. هیچ ڕەواییەک بۆ ئیدیعای گاڵتەجاڕانەی "بەرنامەی ناوکیی مەدەنی" لە بنکەی ژێرزەمینیدا نییە.
هەر ڕێگاچارەیەک دەبێ بە دوای چارەسەرکردنی سێ لایەنی بەرنامەی ناوکیی ئێرانەوە بێ: مادەی قابیلی لەتکردن ، سیستەمی چەک و هەروەها کەرەستەی هاویشتنیان. گفتوگۆکان دەبێ تەنیا کاتێک دەست پێ بکەن کە ئێران گەڕابێتەوە دۆخێک کە تێیدا دەبوو، بێتوو بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای ئاشکرا بوونی گزەکانی و دروستکردنی بنکەی شاراوەی ناوکی نزیکەی دوو دەیە لەوەپێشی ڕەچاو کردبان.
مادەی قابیلی لەتکران (ئۆرانیۆم و پلوتونیۆم) و تەکنەلۆژی بەرهەمهێنانی ئەوان دەبێ بە تەواوی لە سەر خاکی ئێران قەدەغە بکرێ و لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییەوە چاودێریی بکرێ. هەموو تواناییەکانی هەنوکەیی و توانایی دیکە، دەبێ بە تەواوی لەنێو بچن. هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو داواکارییانە لەئارا دا نییە.
هێنانە ژێر چاودێریی چالاکییەکانی دروستکردنی چەک لە ڕادە بەدەر دژوارە، وەکوو زانیارییەکانی نێو ئارشیوی ناوکیی ئێران لە ڕابردوودا ئاشکرای کردوە. بەر لە بیرکردنەوە لە هەر ڕێککەوتنێک، ئێران دەبێ چالاکییەکانی ڕابردووی ڕابگەیەنێت و وەڵامی سەرجەم پرسیارە وەڵامنەدراوەکانی فایلەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بداتەوە. بەر لە چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی پێشوو و بەیاننامەکانی پەیوەنددیدار بە یەدەگی و کەرەستەکان، نابێ دانووستان دەست پێ بکات.
چارەسەرکردنی پرسی کەرەستەی هاویشتن زۆر زیاتر لە بڕیارنامەی ناڕوونی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێ. هەر ڕێککەوتنێک دەبێ بەتەواوی گەشەپێدانی هاژەکی بالیستیکی، کە توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکییان هەبێ، ڕاگرێ.
ڕێککەوتنەکەی پێشوو بڕگەیەکی مەترسیداری "کاتی کۆتایی" تێدابوو. هەر دانوستانێک، دوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئاماژەپێکراو لە سەرەوە، دەبێ ڕوونی بکاتەوە کە هەموو سنووردانانەکانی سەر ئێران، لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن، تەنیا دوای دەیان ساڵ ماوەیان بەسەر دەچێ. ئێران نابێ پێی وابێ ڕێگایەکی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی لە داهاتوودا دەبێ.
وێدەچێ هەموو ئەو مەرجانە قەت لە لایەن ڕێژیمی ئێستای ئێرانەوە پەسەند نەکرێن. تەنانەت بێتوو ئەو گریمانەیە دروستیش بێ، ئەگەر ئێران دەیهەوێ خۆی لە ڕێگاچارەیەکی دیکە ببوێرێ، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ بۆ ئێرانییەکانی ڕوون بکاتەوە کە ئەوانە داواکارییەکاننی.
ئاکارە نەرێنییەکانی ئێران بووتەوە هۆی دروستبوونی دۆخێک کە لەویدا دانووستان تەنیا دوای لەنێو چوونی بنکەکانی نەتەنز، فۆردو، ئیسفەهان و زۆر بنکەی ناوکی و ناوەندی بەرهەمهێنانی دیکە، دەتوانێ دەست پێبکات.
تا سەرجەم تواناییەکان و بنکەکان لە لایەن ئێرانەوە لەنێو نەچن، جا بە ویستی خۆی بێ یان بە هۆی هێزی دەرەکی، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دەبێ بەگەڕانەوە بۆ بەرمانەی "ئەوپەڕی زەخت"، لە نێویاندا گەمارۆی فرە توند ڕێژیمی ئێران تێبگەیەنێ کە هەڕەشەکانی پەیوەندیدار بە هەنگاوی ڕاستەقینەی سەربازیی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانیەوە، تەنیا قسەی بێ کردەوە نین.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە ئێران، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، سەرەڕای دۆخە نالەبارەکەی، هەم لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە، بە هۆی هێرشەکانی ئیسڕائیل و دۆخی ناوچەییەوە بە تێکڕمانی بەشی هەرە زۆری "ئاڵقەی ئاگر"ی بەکرێگیراوانییەوە، نایهەوێ بە ویستی خۆی هاوکاریی لەنێو بردنی تواناییەکانی بکات، ئیسڕائیل دەبێ ئامادەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و تواناییە ناوکییەکانی بێ، وا باشترە ئەو کارە بە هاوکاریی وڵاتە یەکگرتووەکان بکرێ، لە هەمان کاتدا هەوڵەکانی بۆ لاوازتر کردنی ڕێژیم، بە هیوای ڕووخاندنی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە، کە ماوەیەکی دوور و درێژە لە لایەن ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکانەوە سەرکوت دەکرێن، چڕ بکاتەوە.
***
تێبینی: نووسەری وتارەکە پێشتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ناتانیاهوو بووە