کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی پارە دەگەیەننە دەستی حیزبوڵڵا

11:15 - 13 رێبەندان 2724

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماتەکانییەوە پارە دەگەیەنێتە دەستی گرووپی حیزبوڵڵا لە لوبنان.

دەوڵەتی ئیسرائیل سکاڵای خۆی سەبارەت بە ناردنی پارە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ حیزبوڵلای لوبنان، بردووەتە لای کۆمیتەی چاوەدێریی بە سەر ئاگربەستەکەی لەگەڵ ئەم گرووپەدا.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی و کەسانێکی دیکە دەیان میلیۆن دۆلار پارەیان گەیاندووەتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان تاکوو ئەم گرووپە ببووژێننەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکایی بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتەی چاوەدێریی لە سەر ئاگربەستەکە ڕایگەیاندووە کە دیپلۆمات و دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بە جانتای پڕ لە دۆلارە دەچنە فڕۆکەخانەی بەیرووت.

ئەم کۆمیتە کە لە نوێنەرانی چەند وڵات وەک ئیسرائیل، لوبنان، فەرانسە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا پێک هاتووە، سکاڵاکانی ئیسرائیل رادەستی دەوڵەتی لوبنان دەکات.

ئیسرائیل ڕایشیگەیاندووە کە جیا لە کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک کەس کە ڕەگەزنامەی تورکیەیان هەیە بۆ گەیاندنی پارە بە دەستی حیزبوڵڵا، بە فڕۆکە دەچنە فڕۆکەخانەی بەیرووت.

بەرپرسانی تورکیە ئەم بابەتەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە هەڵگرتنی پارەی زۆر لەلایەن مەئموورانی فڕۆکەخانەی ئیستانبولەوە دەبیندرێت و دەستی بە سەردا دەگیرێت.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێشتر ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تاکوو حیزبوڵڵای لوبنان بۆ جارێکی دیکە بتوانێت تواناکانی خۆی بۆ پێش ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بگەڕێنێتەوە.

کۆماری ئیسلامی پێشتر لە ڕێگەی سووریەوە چەک و پارەی ڕادەستی حیزبوڵڵای لوبنان دەکرد بەڵام پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێ لە سووریە ئەم ڕێگەیە بۆ کۆماری ئیسلامی داخراوە.

بەرپرسێکی باڵای دەزگا ئەمنییەتییەکانی لوبنان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی چاودێریی چڕ لە سەر فڕۆکەخانەی لوبنان گواستنەوەی پارەی زۆر ئەستەمە بەڵام وێدەچێت شتومەکە بەنرخەکانی وەک زێڕ و بەردە گرانبەهاکانی وەک ئەڵماس لەلایەن چاوەدێرانی فڕۆکەخانەوە نەبیندرێتەوە.