کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڕێنەی دیپلۆماتکارێکی سەرلێشێواو

00:38 - 20 رێبەندان 2724

وڕێنەی دیپلۆماتکارێکی سەرلێشێواو

دارسمە

عەباس عەراقچی بەیانییەکی زوو لە خەو هەڵدەستێت، چایەکی تاڵ دەخواتەوە و لەبەر ئاوێنە گنجی کراسە یەخە ئاخوندییەکەی ڕێک‌دەخاتەوە.

دەموچاوی ماندوو دیارە و ئەمڕۆ دەچێتە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ ئەو دیپلۆماتە ئوروپاییانەی دیار نییە دڵیان بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی خۆشە یان لە کۆتایی تەمەنی ئەم دەسەڵاتەدا تەنیا خەریکی کۆکردنەوەی "گەزی ئیسفەهان" و "سۆوهانی قوم" و "نان کاکی سنە" و "نانەبرنجیی کرماشان" و "نوقڵی بیدمشکی ورمێ" و "شیرینی مەسقەڵی شیراز" و "باقلاوی یەزد"ن. دیارە دواتر هەتا ئێران ئەهوەن نەبێتەوە، دەستیان بەم دیاری و سەوغاتانە ناگات. ئەمەیە دەڵێن وشتر لە خەیاڵێک و وشترەوانیش لە خەیاڵێک.

لە لایەکی دیکەوە عەباسۆکە لە کاتێکدا بیر لە ڕۆژانی زێڕینی کاک حەمە جەواد زەریف دەکاتەوە، چۆن بە زەردەخەنەیەک و چەند وشەیەکی شیرین دەیتوانی "جۆن کێری"، هەمان وەزیرە باڵابەرزە ئەمریکاییەکەی سەردەمی گفتوگۆی ئەتۆمی و بەرجام و مەرجام بە چۆک دابێنێت و هەموو شتێک چارەسەر بکات.

- ‌"کاک عەباس، تەلەفۆنێک لە بەغداوە!" ئەمەش بەڕێوەبەری نووسینگەکەیەتی و عەباس لای خۆی بە دڵەڕاوکێوە تەلەفۆنەکە هەڵدەگرێت:

-"بەڵێ؟"

-‌ جەنابی وەزیر، ئەم گرووپە چەکدارانە نوێنەریان ناردووەتە بەشی مەیدانی باڵیۆزخانە و دەڵێن: ئێمە چی بکەین؟ نە سولەیمانی ماوە ڕێنماییمان بکات و نە کەس گوێمان پێ دەدات! ئەمریکاییەکان هەڕەشەمان لێ دەکەن و عێراقیش دەیەوێت چەکمان کات!"

عەراقچی دەستێک بە تەوێڵی دادێنێت:

-‌"ئێستا من لە بەردەم کۆبوونەوەیەکی گرنگ دام. دواتر قسە دەکەین."

هێشتا تەلەفۆنەکەی دانەناوە، پەیامێک لە دیمەشقەوە:

-‌ "جەنابی وەزیر، تۆ خوا پێمان بڵێ دوای ئەسەد، ئێمە چی بکەین؟ تورک لە باکوورەوە دێن و کوردان لە ڕۆژهەڵاتەوە. ڕووسیە لە ئێمە خراپتر بە دەردی خۆیەوە دەناڵێنێت و ئەمریکاش وەک مێشەکەرە بە دەورمانەوە ویزەویزیەتی!"

عەراقچی هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و دەڵێت: "ئاخ حاج قاسم، لە کوێی؟ ئێستا من چۆن ئەم کەڵافە ئاڵۆزە هەڵبوێزنم؟"

لە کۆبوونەوەکەدا، دیپلۆماتێکی فەڕانسەوی دەپرسێت: "جەنابی عەراقچی، سیاسەتی ئێستای ئێوە چییە؟ مەیدان یان دیپلۆماسی؟ ئێوە لە سووریە چی دەکەن؟ لە یەمەن بەتەمای چین و لە عێراق چۆنن؟"

عەراقچی بە زەردەخەنەیەکی ساختەوە وەڵامی دەداتەوە:

-‌"ئێمە... ئێمە... هەردووکیان و هیچیان! واتە... مەیدانی دیپلۆماسی... یان دیپلۆماسیی مەیدانی... ڕاستییەکەی خۆشم نازانم!"

دیپلۆماتێکی بەریتانیا بە تەوسەوە:

-‌"بەڵام جەنابی وەزیر، ئێوە دەبێت سیاسەتێکتان هەبێت. ناکرێت هەم باسی ئاشتی بکەن و هەم چەک دابەش بکەن!"

عەراقچی خۆی لە کورسییەکەیدا دەقووچێنێت و بیر لەو ڕۆژە خۆشانە دەکاتەوە سولەیمانی لە مەیدان و زەریف لە دیپلۆماسیدا ململانێیان دەکرد. ئەوکات هیچ کەس نەیدەوێرا وا بە ئاشکرا گاڵتەی پێ بکات.

لە پشووی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری ڕووسیە لێی نزیک دەبێتەوە و بە گوێیدا دەچرپێنێت:

-‌"رەفیق عەراقچی، ئێمە تێدەگەین لە هەڵوێستی ئێوە. بەڵام ناتوانین هەتا هەتایە پشتتان بگرین. دەبێت بڕیار بدەن: یان لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕێک بکەون، یان..."

عەراقچی ناهێڵێت ڕووسە سوورە چاوشینەکە قسەی تەواو بکات و بە پەلە دەچێتە دەرەوە. لە داڵانە تەسکەکەدا، سەرۆکی شاندی چینی چاوەڕێیەتی و دەڵێت:

-"جەنابی وەزیر، ئێمە ئامادەین یارمەتیتان بدەین، بەڵام دەمانەوێت بزانین پلانی داهاتووتان چییە؟" عەراقچی بە شەرمەوە ڕووی لێ وەردەگێڕێت و خێراتر بەرەو دەرگا هەنگاو دەنێت.

شەو، کاتێک عەراقچی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، چەندین نامەی لە یەمەنەوە بۆ هاتووە و ناوێرێت لە پەیجەر و مۆبایلەکەوە بیانکاتەوە و لەسەر لاپتۆپ سەیریان دەکات:

- "جەنابی وەزیر، تکایە ڕێنماییمان بکەن. ئایا دەبێت هێرش بکەین یان دانوستان؟ سعودییەکان پێشنیاری ئاشتییان کردوە، بەڵام ئێمە نازانین چی بکەین. هەندێک دەڵێن سولەیمانی دەیگوت هەرگیز متمانە بە سعودییەکان نەکەین، هەندێکیش دەڵێن زەریف گوتویەتی دەبێت لەگەڵیان ڕێک بکەوین..."

عەراقچی بە ماندوویی لە مۆبڵەکەدا خۆی ڕێک دێنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: "خۆزگە دەمتوانی وەک زەریف قسە بکەم، یان وەک سولەیمانی بجووڵێمەوە. ئێستا تەنیا دەتوانم وەک عەراقچی سەرم لێ بشێوێت!"

تەلەفۆنەکەی زەنگ لێ دەدات. ژمارەیەکی نەناسراوە.

-"بەڵێ؟"

-"جەنابی وەزیر، ئێمە گرووپێکی نوێی چەکدارین لە لوبنان. حیزبوڵڵا دەڵێت ئێوە یارمەتیمان دەدەن..."

عەراقچی تەلەفۆنەکەی دادەخات و دەچێتە بەر پەنجەرە. مانگەشەوە. بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ڕۆژگارێک ئێران دەیویست هەم لە مەیدان و هەم لە دیپلۆماسیدا سەرکەوتوو بێت، کەچی ئێستا لە هیچ کامیان سەری دەرناچێت.

بەیانی ڕۆژی دواتر، کاتێک دەچێتە نووسینگەکەی، بڕیار دەدات سیاسەتێکی نوێ دابهێنێت: "دیپلۆماسیی بێدەنگ و مەیدانی خەواڵوو!" بەڵام دڵنیا نییە ئەمەش چ بڕ بە کەڵک بێت. لە پەنجەرەی نووسینگەکەیەوە سەیری دەرەوە دەکات. چەند کەسێک خەریکی خۆپێشاندانن و هاوار دەکەن: "نە شەرقی، نە غەربی، جمهوریێ ئیسلامی!"

پێکەنینێکی تاڵی دێتێ. ئەم دروشمەش وەک سیاسەتی ئەم سەردەمەمان بێ سەرو‌بێ‌بنە.

بەرپرسی نووسینگەکەی دێتە ژوورەوە: "جەنابی وەزیر، سەرۆک کۆمار داوای تۆی کردوە. گوایە پلانێکی نوێیان هەیە."

عەراقچی دەستێک بە ڕیشی دادێنێت و لە دڵی خۆیدا دەڵێت: "خودایە، یان وەک سولەیمانی بمانکوژە، یان وەک زەریف بمانکە بە ڕاوێژکارێکی بێ دەسەڵات!"