![](/content/upload/1/news/77588_w920.jpg)
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند حەفتە لە دەسبەسەرکرانی ١٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیان درێژەی هەیە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دوابەدوای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخیان، هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ سەبارەت بەوان خۆ ببوێرن.
کوردپا ڕیاگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە هەندێ لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان کردووە کە نابێ هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە بڵاو بکرێتەوە و تەنانەت ئەگەر ئازادیش کران نابێ هەواڵی ئازادکرانیان بڵاو بکرێتەوە. هەندێ لە بنەماڵەکان بۆ ئەم بابەتە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لێ کراوە.
لە ماوەی هەشت ڕۆژدا (لە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ هەتا ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣) سەرجەم ١٠ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سادق کوردی، کەیوان ئەساسە، جێگر موجاهێدی، فەرهاد پلە، هیوا شوجاعی، موراد ئوستوار، محەممەد سۆهرابی، ئەنوەر ئیبراهیمی و فەردین مەحموودی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزران.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. هەروەها ئەم کەسانە لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پێوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
موراد ئوستوار تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی ساڵح، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. نێعمەت ئەحمەدنژاد تەمەن ٣٧ ساڵ، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە. محەممەد سۆهرابی خێزاندارە و کاری دروستکردنی کابینێت ئەکا. فەردین مەحموودی تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە. هیوا شوجاعی تەمەنی ٣٤ ساڵە و خێزاندارە.