کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠ کەس بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی هەڵگری تیمی واترپۆلۆی کچانی ورمێ

10:23 - 20 رێبەندان 2724

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، پاسێک کە ١٤ ئەندامی تیمی واترپۆلۆی کچانی ورمێی تێدابوو، ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕێبەندان لە سەر ڕێگای دلیجان – ئێسفەهان وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەندامانی تیپی واترپۆلۆی کچانی ورمێ بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی سەراسەری ئێرانی بەرەو ئیسفەهان دەڕۆیشتن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕێژیم، دوو قوربانیی ڕووداوەکە دوو سەرنشینی پیاو بوون، و ئەندامانی تیمی واترپۆلۆی کچان نەبوون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو سەرنشینە ڕانەگەیەندراوە و ئاماژە بەوەش کراوە کە، ژمارەیەک لە ئەندامانی تیمەکە تووشی شکان و برینداربوون بوون.

ئەبولفەزل قاسمی، فەرمانداری دلیجان، هۆکاری ڕووداوەکەی سەرپێچیکردنی شۆفێر لە خێرایی دیارکراوی ڕاگەیاندووە.

شایانی باسە ئەم ڕووداوە ڕۆژێک دوای وەرگەڕانی پاسی کچانی خوێندکار لە شاری کرمان و گیانلەدەستدانی شەش کەس ڕووی داوە.

هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا نەبوونی ماشینی ستاندارد و ڕێگاوبانی پارێزراو و ستاندارە.

ئەم ڕووداوانە ساڵانە لە ئێراندا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و بە وتەی عەباس مەسجدی، سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.