ڕزگار بەیگزادە بابامیری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و دەستبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر "ناڕوونی دادگاییکردنی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە کاتی لێپرسینەوەدا" مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە زیاتر لە ٢٢ مانگە لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجەدایە و لەلایەن دەزگای بە ناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە بەغی و موحاربە تۆمەتبار کراوە، کە لەوانەیە ئەو تۆمەتە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا.
ڕزگار بەیگزادە بابامیری لەلایەن لقی ١٠ دادستانی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ لەگەڵ تۆمەتی "بەغی، موحاربە، کۆبوونەوە و تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی، دابینیکردنی ماڵیی تێرۆریزم، پڕوپاگەندە دژی نیزام، سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمنکار، هەڵگرتنی کەرەستەی ئینتەرنێتی (ستارلینک)، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، ئەندامەتی لە گرووپە نایاساییەکان و فەرماندەیی کردن و ڕێکخستنی تێرۆر ڕووبەڕوو بووەتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بەتەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردوونەتەوە و تەنیا دانی بەوەدا ناوە کە دەرمانی بۆ بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دابین کردووە و ئامێرێکی ستارلینکی بۆ بەکارهێنانی شەخسی خۆی کڕیوە.
ڕزگار ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە زیاتر لە ٤ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا بووە و لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەکاندا پەردەی گوێی دڕا.