
له ماوه‌ی که‌متر له دوو ساڵدا و بۆ دووهه‌مین جار ناحه‌زان و به‌کرێگیراوان هێرشیان کرده سه‌ر خانەباخی مامۆستا ئیبراهیم نه‌نه‌ڵه و خه‌سارێکی گه‌وره‌یان به ماڵ و باخی ناوبراو گه‌یاندووه.
مامۆستا ئیبراهیم نه‌نه‌ڵه له گرته ڤیدیۆیه‌کدا ده‌ڵێت: "ڕۆژی ١٧ی ڕێبه‌ندان خانەباخه‌که‌میان ته‌قاندووه‌ته‌وه و زیاتر له ٣٠٠ بن داریشیان بڕیوه‌ته‌وه".
مامۆستا ئیبراهیم هه‌روه‌ها له‌و گرته ڤیدیۆیه‌دا ده‌ڵێت: "دوژمنی دیاریکراوم نییه، به‌ڵام دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له سه‌رده‌می شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا پشتیوانیم له‌و بزووتنه‌وه‌یه کردووه و له ساڵی ڕابردوودا ماڵه‌که‌میان سووتاند و زیاتر له ٢٠٠ بن داریان بڕییەوه".
مامۆستا ئیبراهیم نه‌نه‌ڵه له‌و ڤیدیۆیه‌دا به‌نیسبه‌ت هۆکاری ئه‌و خه‌سارانه‌ی پێیان گه‌یاندووه ده‌ڵێت: "ئه‌زانم له به‌ر چی وا ده‌که‌ن قه‌ینا له ڕێگه‌ی میلله‌ته‌که‌م و ئه‌و خه‌ڵکەدایه و باجی پشتیوانی له خه‌ڵکی خۆمه ده‌یده‌م".
له ماوه‌ی زیاتر له ساڵێک له‌مه‌وپێش و له سه‌رده‌می شۆڕشی ژینادا هێرش کرایه سه‌ر هه‌مان خانوو و باخی مامۆستا ئیبراهیمی نه‌نه‌ڵه و بڕی زیاتر له ٢ میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن تمه‌ن خه‌ساریان پێ گەیاند.
مامۆستا ئیبراهیم له خوتبه‌ی نوێژی هه‌ینی و پێشنوێژیی گوندی نه‌نه‌ڵه‌دا به‌نیسبه‌ت هێرش و هه‌ڕه‌شه‌کان بۆ سه‌ر ماڵ و گیانی ناوبراو ڕایگه‌یاند: "دوژمنی هه‌ر که‌سێکم کە به بۆنه‌ی کوردبوونه‌وه دوژمنیی کورد بکات، هه‌ر فارس، عه‌ره‌ب و تورکێک به بۆنه‌ی کوردبوونمه‌وه شه‌ڕم له‌گه‌ڵ بکه‌ن شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌م".
هه‌روه‌ها مامۆستا له درێژه‌ی خوتبه‌که‌یدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌و خه‌یاڵە خاوە ده‌بێت له بیر بکه‌ن که به ئه‌ندازه‌ی بستێک له ئامانج و ئارمانی خۆم بگەڕێمە دواوه، جا هه‌ر که‌سێ بێت".
مامۆستا ئیبراهیم نه‌نه‌ڵه مامۆستایه‌کی ئایینیی نیشتمانپه‌روه‌ر و خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی به‌هێزی کۆمه‌ڵایه‌تییه و هه‌موو کات پشتیوان و خه‌مخۆری گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی بووه.