کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مینا سوڵتانی سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی سزای نەختی بەسەردا سەپێندرا

12:22 - 11 رەشەمه 2724

لە درێژەی گوشارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنەماڵە مافخوازەکانی شۆڕشی ژینا، مینا سوڵتانی دایکی شەهید شەهریار محەممەدی لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە سزای زیندان و پێبژاردنی سزای نەختی بەسەردا سەپێندرا.

خاتوو مینا لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بەبێ هەبوونی حیجابی شەرعی" بە ٨ مانگ زیندانیکردن و پێبژاردنی سزای نەختی یەک ملیۆن تمەنی سزا درابوو.

میلاد محەممەدی کوڕی دایە مینا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکە بە شێوەی زارەکی بە دایکی ڕاگەیەندراوە و دانیشتنی دادگا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر یان خودی دایە مینا، و بەبێ مافی بەرگریکردن لە خۆی بەڕێوە چووە.

خاتوو مینا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پێداگری لەسەر داوای مافخوازی کوڕە شەهیدەکەی کە لە شۆڕشی ژینادا شەهید بووە، چەندین جار ڕووبەڕووی گوشاری ئەمنییەتی بووەتەوە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و دەسبەسەر کراوە.

ئەم دایکە مافخوازە، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ بە بێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش ٢١ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی بۆکان بە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە و پاش شەهی کردنی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ٢٥ی خەزەڵوەرەوە ناسێندرایەوە و کەوتە ژێر چاوەدێری، و بە ئامانجی کوشتنی شەهریار، لە ٢٧ی خەزەڵوەر ساڵی ١٤٠١، هێزەکانی ڕژیم یەکێک لە شەقامەکانی بۆکانیان لە گۆڕەپانی عەلی ئاباد تا بێهزیستی داخست و تەقەیان لە ماشینەکەی کرد و شەهید کرا.