
ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەشەمە لەلایەن یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەکانی زاگرۆس، قەندیل و گیاڕەنگ سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، سێمینارێک بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕيزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر بێریڤان عەزیمی پێشکەشکاری سێمینار سەڕەرای بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووان، باسی لە چالاکییەکانی یەکیەتیی ژنان و کۆمیتەکانی زاگرۆس، قەندیل و گیاڕەنک کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا جەولەیەکی خاکیپۆشانەیان بۆ ئەندامانی ژن لە کەمپەکانی حیزب ڕێکخستبوو و بەرهەمی ئەو چالاکییە لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافیدا لە ژێر ناوی پێشانگای "خاک" خۆی نواند.
سێمینارەکە لە دوو پانێل پێک هاتبوو.
لە پانێڵی یەکەمدا خاتوو "ئارەزوو نستانی" مامۆستای زانکۆ و کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بابەتێکی لەژێر ناوی "بزووتنەوەی فێمێنیستیی کوردی لە پەراوێزەوە بۆ دەق" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە چەندین بابەتی پێوەندیدار بە پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، و هەندێک ڕەهەندی گرینگی شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی ژنانی کورد لەو شۆڕشەدا و پێوەندی ئەو شۆڕشە بە بزووتنەوەی فێمێنیستیی هێنایە بەرباس، هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بزووتنەوەی فێمێنیستیی ژنانی کورد کرد، و ڕایگەیاند کە بزووتنەوەی فێمێنیستی ژنانی کورد بە تەواوەتی جیاوازی هەیە لەگەڵ فێمێنیستی سەراسەری، و ئاماژەی بە پرسی موتالبەگەری ژنان لە ئێستادا کرد، و باسی لە گرینگیی تۆخکردنەوەی گوتاری فێمێنیستی و چەند باس و بابەتی دیکە کرد.
دواتر کاک حەسەن شێخانی بەرپرسی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب باسێکی لە ژێر ناوی "ژن وەک بوونێکی پەراوێزخراو" پێشکەش کرد. کە لە چوار بەشدا خۆی دبینیەوە:
- پێشەکییەکی بوونناسانە بۆ شوناس، ژن وەک جێندەر و شوناسێک
- هەڵوێستە و ڕامانێک لەوەی چۆن ژن پەراوێز خراوە؛ مەعریفەناسیی پەراوێزخراوبوونی ژن و قووڵایی و چۆنیەتیی ئەم پەراوێزخراوبوونە
- ئامانجی ئێمە کە بریتییە لە ئازادی و دێموکراسی، لێرەدا باسەکەی بنەمایەکی ئەخلاقی - هەنجاری وەرگرت
- ڕێگەچارەی نەهێشتنی ئەم پەراوێزخراوبوونە
ناوبراو ئاماژەیەکی بە شۆڕشی ژینا کرد و وتی شۆڕشی ژینا ترسی شکاند و ئاسۆیەکی نوێی خوڵقاند.
گۆڕانێکی جەوهەری کە لە شۆڕشی ژینادا هاتە ئارا و ئەم دەستەواژەیەی مانادارتر کرد ئەوەیە کە ژنان بوونە نوێنگە و سیمبولی ئازادی و ماف و داخوازییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ ئێستا ژنان تەنیا نوێنەری خواستی خۆیان نین، سیمبولی خواستەکانی تری کۆمەڵگەشن و ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە. لەبەر ئەوەی ژنان چەوساوەترین و پەراوێزخراوترین توێژی کۆمەڵگەن، بۆیە ناوەندی سیاسەتی ڕادیکاڵن و توێژی پێشەنگ و هەرە ڕادیکاڵی کۆمەڵگەن.
بەڕێز شێخانی لە کۆتایی باسەکەیدا وتی وشیاری ژنان و تێگەیشتنی پیاوان درز دەخاتە ئەم پێکهاتە و پێوەندییە جیاکارانە و سەرەتا و مەرجی داڕشتنەوەیانە. ژنان دەبێ خەبات بکەن بۆ ئەوەی مەتڕەح بن و بە مافەکانیان بگەن، ئەمە پێویستی بە ڕێکخراوبوون، نەترسی و ڕۆحێکی پێشمەرگانە هەیە. ڕۆحی نەترسییە کە ئەوان لە کۆیلەتی و جنسی دەرەجە دوو ڕزگار دەکا.
سێمینارەکە بە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئامادەبووان کۆتایی پێ هات.