
ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەشەمە، دەوڵەتی کانادا سێ کەس و چوار دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی بەهۆی پەیوەندی و تەیارکردنی سپای پاسداران، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی سیستماتیکی خەڵکی ئێران، خستە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کانادا لە بەیاننامەیەکدا ناوی ئەو کەسانەی هێناوە کە بریتین لە: حوسێن هاتفی ئەردەکانی، بەرپرسی تۆڕی تەداروکی فەرامیللی کە شیرکەتەکانی کاوان ئێلیکترۆنیکی بێهراد، شیرکەتی باسمەد ئێلیکترۆنیک، موهەندیسی پوویا و شیرکەتی موهەندیسی تەیف تەدبیر ئاریا" لەخۆ دەگرێت، مێهدی گوگێردچیان، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی شیرکەتی پیشەسازیی فڕۆکەسازی ئێران و حوسێن پوورفەرزانە، موهەندیسی باڵای فەرمانگەی دیزاینی فەرزانەگان.
هەروەها چوار دامەزراوەی سزادراو بریتین لە ''شیرکەتی کاوان ئێلیکترۆنیکی بێهراد، شیرکەتی باسمەد ئێلیکترۆنیک، شیرکەتی موهەندیسی تەیف تەدبیر ئاریا و نووسینگەی دیزاینی سیستمەکانی بزوێنەری فەرزانەگان.''
کانادا ڕوونی کردەوە کە سزا نوێیەکان لەگەڵ کردەوەی هاوپەیمانەکانی لەوانە ئەمریکا، بریتانیا و یەکیەتیی ئورووپا هاوتەریبن.
وەزارەتی دەرەوەی کانادا لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە تاک و دامەزراوە گەمارۆدراوەکان لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لە دژی خەڵکی مەدەنیی ئێران و چالاکی ناسەقامگیرکەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕۆڵیان هەبووە و بە پێی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئاشتی و ئەمنییەت و سەقامگیری نێودەوڵەتییان تێک داوە.
بە هەژمارکردنی ئەم هەوڵە نوێیە، کانادا هەتا ئێستا سزای ٢٠٨ کەس و ٢٥٤ دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی داوە و ئەم کەس و دامەزراوانەی خستوونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.