
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمە، کاک مستەفا ئیبراهیمی برای شەهید عەبدوڵڵا ئیبراهیمی ناسراو بە پەشێو و برازای فەرماندەی شەهید هەمزە بێهنام بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان و بنەماڵە و ئازیزانی کرد.
کاک مستەفا کوڕی سمایل ئاغای هەنگەوێ و لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٤ بووە.
ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە شەهیدانی بنەماڵەکەی مایەوە.
فەرماندە شەهید هەمزە بێهنام ساڵی ١٣٧٣ لە تێکهەلچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم شەهید بووە.
شەهید عەبدوڵڵا ئیبراهیمی کادری دەرەجە چواری حیزب بووە و ساڵی ٦٣ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا لە پەسوێ شەهید بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.