کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٣٠ ژنی لە سێدارە داوە

11:11 - 18 رەشەمه 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەشەمە و لە بەرەبەری ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە لەسێدارەدانەکانی ژنان لە ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم ٣٠ ژن لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە سێدارە دراون و هەروەها لانیکەم ١٤١ ژن دەسبەسەر کراون و ١٣٦ چالاکوانی ژن حوکمی لەسێدارەدان، بەندکران و قامچییان بە سەردا سەپاوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لەم ساڵەدا لە چاو ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، بەرزبوونەوەیەکی ٣٦ لە سەدیی بە خۆیەوە بینیوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە پلەی یەکەمین وڵاتی بۆ لەسێدارەدانی ژنان لە جیهاندا مسۆگەر کردەوە.

هەنگاو بە ئاماژەدان بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ سێ چالاکوانی کورد لەم ساڵەدا بە ناوەکانی شەریفه موحەممەدی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، ڕایگەیاندووە کە ١٣٦ چالاکوانی ژن لەم ساڵەدا بەرەوڕووی حوکمەکانی وەک بەندکران، لێدانی قامچی و لەسێدارەدان بوونەتەوە.

١٧ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی، ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ پارلەمانی ئورووپا و دامەزراوە مافی مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە تاکوو بەرەوڕووی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر مافی ژنان ببنەوە و زیادیشیان کردووە کە دەسەڵاتی تاران بە کەڵکوەرگرتنی سیستماتیک لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک، ناڕازییان سەرکوت دەکات و دەنگی دژبەرانی خۆی کپ دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا زیاتر لە ١٢٠٠ چالاکوانی ژن، چالاکوانانی دژ بە سێدارە و بەندکراوانی سیاسی، ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە ٤٤ وڵاتی جیهان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کردووە تاکوو بە گوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامی، کۆتایی بە سێدارەکان و پێشێلکردنی مافی ژنان لە ئێران بهێنن.

کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا بە پەسەندکردنی یاسای "حیجابی زۆرەملێ" گوشارەکانی بۆ سەر ژنان لە کۆمەڵگەدا زیاتر کردووەتەوە، هەرچەند کە ئەم یاسا تاکوو ئێستا بە فەرمی لەلایەن دامودەزگا جێبەجێکارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە نەچووە بەڵام گوشاری مەئموورانی ناسراو بە "ئامرانی بە مەعرووف" بۆ سەر ژنان لە شەقامەکاندا زیادی کردووە.