کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نادیاری چوار کرێکاری بریندار لە تیکاب

11:25 - 18 رەشەمه 2724

چوار کرێکاری ناڕازیی شارەداریی تیکاب کە لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە سەختی بریندار ببوون، ئێستا لە بارودۆخێکی نادیاردان.

بە پێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، چوار کرێکاری شارەداریی تیکاب لە کاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەسەر دواکەوتنی مووچەی چەندین مانگی ڕابردوویان لەلایەن هێزەکانی ئینتزامییەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دراونەتە بەر تەقە و بە هۆیە بە سەختی بریندار کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخیان لەبەر دەستدا نییه.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کرێکارانە لە نێو بینای شارەداری و لە بەردەم ئیدارەی شۆرای شاری تیکاب کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ئەم کرێکارانە لە شوێنێكی نادیاردان و نیگەرانیی جیددی لەسەر بارودۆخی تەندروستیان هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕایگەیاندووە ئەم چوار کرێکارە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی سەر بە سپای پاسداران ڕاگیراون.

ئەندامانی شۆرای شاری تیکاب لە دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە بەرپرسی شارەدارییان لەسەر کار لاداوە و محەممەد باقر ڕۆستەمی بە شێوەی کاتی کراوەتە بەرپرسی شارەداریی ئەو شارە.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە، نزیکەی ٤٠٠ کرێکاری شارەداریی تیکاب کە لە ساڵی ١٣٩٨ەوە تا ئێستا هیچ سەنواتییەکیان (ساڵانە) وەرنەگرتووە لە گردبوونەوەیەکی مەدەنیدا خوازیاری وەرگرتنی مووچەکانیان بوون کە ڕووبەڕووی هێرشێکی دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە کە لە ئەنجامدا چەندین کەس بریندار بوون.