
فرمێسک ڕەزایی: ژنان کۆڵەکەی ئازادی هەر کۆمەڵگەیەکن واتە پێوەری ئازادی وڵاتەکان بە ئازادی ژنان پێوانە و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەکرێت
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: هەشتی مارس، ڕۆژێکە کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ماف و داخوازییە ڕەواکانی ژنان لە ئاستی دنیادا بە "ڕۆژی جیهانیی ژنان" ناودێر کراوە، و هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە و تێیدا باس لە دۆخ و ڕەوشی مافی ژنان دەکرێ. بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە کە نابێ ڕێزگرتن لە ژنان و مافەکانیان تەنیا قەتیس بکرێتەوە بە ڕۆژێک، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک دەبێ ڕۆژی ژنان بێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەوە ژنانن کە ژیان پێک دێنن و کۆمەڵگە بونیاد دەنێنەوە. لە وتووێژێکدا لەگەڵ خاتوو فرمێسک ڕەزایی، چالاکی سیاسی ئەو باسەمان کردووەتەوە:
خاتوو فرمێسک زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە با بەم پرسیارەوە وتووێژەکە دەست پێ بکەین کە بۆچی هەشتی مارس وەک "ڕۆژی جیهانیی ژنان" لە ئاستی دنیادا دیاریکرا و مێژووی ئەم ڕۆژە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
هەشتی مارس کە سەرەتا بە ناوی ڕۆژی جیھانیی ژنانی کرێکار ناونراوە بوو، بەهۆی ئەوەیکە لە ڕۆژی هەشتی مارس ۱۸۵۷دا ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنین لە شاری نیۆیۆرک هاتنەسەر شەقام و داوای مافەکانی خۆیان کرد، ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە لەلایەن هێزی پۆلیسەوە سەرکوت کرا، بەڵام پاش پەنجا ساڵ خۆڕاگری و بەردەوامبوون لە خەبات، دیسان ژنان لە کارگەکان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و مانگرتنیان دەستی پێکرد، بەڵام پاسەوانەکان درگایان لەسەر داخستن و بە هۆکارێکی نادیار کارگەکە ئاگری تێبەر بوو و جگە لە چەند کەسێک هەموو ئەو ژنانە سووتێندران. ژنانی درێژەدەری ئەو خەباتە، هەموو ساڵێک لە یەکشەممەی کۆتایی مانگی فێورییە خۆپیشاندانی گشتییان لە ئامریکا بەڕێوە برد، کلارا زتکین، یەکێ لە بەناوبانگترین پارێزەرانی مافی ژنان، لە ڕۆژی ۲۷ی ئاگۆست ۱۹۷۰ لە شاری کۆپێنهاکی دانمارک لە ئەنجومەنێک بە بەشداری ۱۷ وڵات ڕۆژی هەشتی مارسی بە ناوی ڕۆژی ژنان و هاوپەیمانی بۆ پاراستنی ژنان و خەبات دژ بە نابەرابەری و جیاوازی و هەڵاواردن دژی ژنان دیاریکرد. هەشتی مارس بەدەر لە جیاوازە سیاسی و ئایینی و فکرییەکان ڕۆژێکە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی بە گەڕانەوە بۆ مێژووی خوێناوی و پڕ لە خەبات و ماندووبوون لەوە تێبگەن کە ژنگەلێکی خەباتکار بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان، ڕۆژێکیان وەک ڕۆژی ژن لە مێژوودا تۆمار کردوە.
پێوەندیدار بە پرسیاری پێشوو ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە مافی ژنان و داکۆکی لەسەر داخوازییەکانیان چەندە توانیویەتی لە چوارچێوەی پڕاکتیکی دەوڵەتان و ڕێکخراوە مەدەنی و مرۆڤییەکان ڕەنگدانەوەی بێت؟
هەشتی مارس ڕۆژێکی گرینگ لە ڕۆژژمێری جیهانییە، لەم ڕۆژەدا تێکڕای ژنان و پارێزەرانی مافی ژنان هاودەنگ دەبن، تێکڕای ڕێکخراوە فێمێنیستییەکان چڕوپڕتر لە هەموو کاتێک دەپڕژنە سەر پرسی ژنان و ژنانی ترەنس. ئامانجی ئەم یەکدەنگییە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی و دەوڵەتەکان بەتایبەتی بە شێوەی جددیتر لەسەر پرسی ژنان و ژنانی ترەنس بڕوانن و کاری بۆ بکەن. ئەگەر ژنان لە وڵاتە جیاوازەکان بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوونەتە خاوەن مافە سەرەتاییەکان، و دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە، هەموو بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوە فێمێنیستییەکان بووە. ئەگەر یاساگەلێک وەکوو مافی دەنگدان وەکوو لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و... هتد. پەسەند کراون هەمووی ئامانجی خەباتێکی درێژماوە و قوربانیدانی ڕێکخراوە فێمێنیستییەکانە. بەڵام وەک دیارە سەرەڕای تێچوویەکی یەکجار زۆر تا گەیشتن بە یەکسانی، ئەم تێکۆشانە، ئەم خەباتە هەر بەردەوام دەبێت.
فرمێسک ڕەزایی
لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە سەرەڕای ئەوەیکە ژنان بزوێنەری سەرەکی شۆڕشی(ژن، ژیان، ئازادی) بوون بەڵام بەداخەوە بەشێکیش هەن کە نایانهەوێ ئازاد بن لەو یاسا و چوارچێوانەی کە دەیان چەوسێنێتەوە، پێتان وایە هۆکار چییە و ڕێگەی چارەسەری چۆن دەبێت؟
نەبوونی بڕوا بەخۆبوون و مانەوە لە چوارچێوەی زوڵم و ستەم، هەمووی ئەنجامی سەرکوتی پیاوسالارییە، لە مێژەوە دەسەڵاتی پیاوسالارانە لە کوردستاندا وەکوو زۆربەی لە نەتەوەکانی دیکە زاڵ بووە بەسەر ژناندا و وای کردووە کە ژنان نەتوانن بەپێی پێویست پەروەردە بکرێن، ئەم ژنگەلە لە بنەماڵەیەک پەروەردە کراون کە پیاوانی بنەماڵە پێوەری «ژنی باشبوون»یان دیاری کردووە، و پێوەرەکان هەموو پێوەری کۆیلایەتیین، ژنێک ئەگەر پێچەوانەی ئەو پێوەرانە بجووڵێتەوە و لەو بازنەیەدا بێتەدەر، کەواتە دەچێتە نێو ڕیزی «ژنی خراپ»وە. ئەمە وایکردووە کە هەندێک لە ژنان بترسن لەوەیکە هەوڵ بەن بۆ دەستەبەرکردنی خواست و مافەکانیان.
پێوەندیدار بە پرسیاری پێشوو، شۆڕشی ژینا چەندە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەم چینەی کۆمەڵگەدا هەبوو؟
شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» ئەو شۆڕشە بوو کە پیاوسالاری لێ دەترسا و دەسەڵاتی پیاوسالار ساڵانێک بە هەموو هێزیانەوە هەوڵیان دا کە ئەم شۆڕشە لە بنەڕەتەوە سەرکوت بکەن، و نەیانتوانی. بێگومان شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کاری یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ نەبوو، بەڵکوو بەرهەمی دەیان ساڵ تێکۆشانی بێوچان بوو، بەرهەمی خۆڕاگری و خەباتی کەسگەلێک وەکوو "زەینەب جەلالیان" کە پێش پازدەساڵ لە سەر دیواری بەندیخانە نووسیوە «ژن، ژیان، ئازادی» و دەیان و سەدان ژنی دیکە کە لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت کردووە. بە چاوخشاندێک لە دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردستان جیاوازییەکی بەرچاو لەگەڵ پێش سەرھەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەستی پێ ئەکرێت و دیارە. هەرچەندە ئەستەمە کە سەرکوت و چەوساندنەوەی ژنان بە تەواوەتی بنبڕ بکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە کە ژنان مافەکانیان بناسن تەنانەت ئەگەر نەتوانن و ئەو دەرفەتیان بۆ نەڕەخست کە دەستەبەری بکەن، چونکە یەکەم هەنگاو بۆ ڕزگاری لە کۆیلایەتی، ناسینی ماف و ئازادییە و زانستی گەیشتن بە ئازادییە.
بۆچی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان لە ئازادی و وشیاری ژن تۆقیون؟
بناغەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەسەر چەوساندنەوە و سەرکوت چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی ژنان هەڵچنراوە. ژنان کۆڵەکەی ئازادی هەر کۆمەڵگەیەکن واتە پێوەری ئازادی وڵاتەکان بە ئازادی ژنان پێوانە و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەکرێت. ئەمە فەلسەفەیەکە کە تەواوی دەوڵەتە دێموکراتیک و دیکتاتۆرەکان پێ گەیشتوون و لە دەسەڵاتی دێموکراتیک ڕۆژ بە ڕۆژ ژنان زیاتر ئەتوانن مافەکانیان بچەسپێنن و بە پێچەوانەوە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆر و تۆتالیتەر ڕۆژ بە ڕۆژ ژنان زیاتر دەچەوسێننەوە، ئازادی ژنان واتە هەنگاوێک بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، ژنێکە خاوەن ڕۆحی ئازاد بێت دەبێتە سەرچاوەی بیرو هزرێکی ئازاد و هەروەها کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە دادەنێت. دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە ڕێگەی سەرکوتی ژنان و هەڵخڕاندنی پیاوان و گەشەپێدانی پیاوسالاری و هزری دژە ژن، مانەوەی خۆی گارانتی دەکات. بۆ نموونە حکوومەتی تالیبان هەر لە ئێستەوە بە هەموو توانایەوە کچان سەرکوت دەکات بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا کۆمەڵگەیەک گوێڕایەڵ پەروەردە بکات. ئەوان باش لە هێز و توانای ژنان تێگەیشتوون و تاکە ڕێگەیان بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان، سەرکوتی هێزی ژنانە.
ئەو بەربەستانەی کە پێش بە ئازادی و مافی ژنانن ئەگرێ، چین؟ و ژنان چۆن دەتوانن بەرپەرچی ئەوانە بدەنەوە و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەختەوەر پێک بێنن؟
هەنگاوی یەکەم وەک باسم کرد ناسینی مافەکانە، هەنگاوی دووهەم پاش ناسینی مافەکان، هەوڵدان بۆ پێشکەوتنە، بەڵام بەربەستەکان لەم ڕێگەیەدا یەک لە دوای یەک خۆیان دەردەخەن، دەکرێت ئەم بەربەستانە لە سێ خاڵدا ئاماژەی پێ بکرێت، یەکەم بنەماڵە و کۆمەڵگە، دووهەم ئایین و سێهەم کە ئەستەمترین بەربەستە بۆ دەرباز بوون یاسا و دەسەڵاتە. هەندێک لە ژنان دەتوانن لەسەر بەربەستی یەکەم کە بنەماڵە و کۆمەڵگەیە دەرباز بن و هەندێکیش کە بەپێی ئامار، ڕێژەیان زۆرە لەم هەنگاوەدا لەلایەن پیاوانی بنەماڵەوە دەکوژرێن، و لە ئەگەری دەرباز بوون لەگەڵ ئاییندا ڕووبەڕوو ئەبنەوە، بە تەواوەتی ئایینەکان لە دژی ژنان داڕێژراون و لە هەر ئایینێک بەشێوازی جۆراوجۆر. بەڵام گرنگترین و ئەستەمترین بەربەست یاسا و دەسەڵاتە. دەرباز بوون بەسەر یاسادا تا ڕادەیەکی زۆر مەحاڵە. بۆیە هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکردبوو، ئامانجی خەباتی ڕێکخراوە فێمێنیستییەکان، چەسپاندن و داڕشتنی یاسای نوێی و بە پێوەری یەکسانییە. هەروەها جیاوازی ئەو وڵاتانەی کە ژنان توانیویانە مافەکانیان دەستەبەر بکەن، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی یاسا. یاسا دەتوانێت ئاسانکاری بکات و بە پێچەوانەوە ڕێگر بێت لە بەردەم بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان. ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەکان نموونەیەکی دیارن بۆ ئەم بابەتە، کەسانێک وەکوو "ژینا مودەڕێس گورجی" کە لە هەموو بەربەستەکان دەرباز بوون، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی یاسایەکی دادپەروەرانە ئێستا لە بەندیخانەدایە.
ئەگەر بە چاوێکی خەسارناسییەوە بڕوانینە ئەم مەسەلە پێتان وایە پرسی ژن و مافی ژنان چەندە لە چوارچێوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا ڕەنگدانەوەی بووە؟
هەنووکە ژنان لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانیش نەیانتوانیوە مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیکە لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی ژن بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت و تەواو مافەکان بدرێت، چاوەڕوانییەکی ژیربێژانە نییە، بەڵام هاوکات ئەکرێت ئەم ڕەخنەیە ئاراستەی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت. ئاشکرایە کە وەک پێویست ڕێگە بە ژنان نادرێت کە سەرکەون و خۆیان لە ئاستی ڕێبەریی و ... ببیننەوە، بەڵام حاشاهەڵنەگرە کە زۆرێک لە ژنان هەر لە چوارچێوەی ئەحزابدا خۆیان دۆزیوەتەوە. هەر لە ڕابردوو تاکوو ئێستا چەک هەڵگرتن و شەڕ لە دژی دەسەڵاتە ملهۆڕەکان، بۆتە هۆکارێک کە ژنان توانای خۆیان ببیننەوە و ئاستی هێزی و تێفکرینی خۆیان بناسێنن، و هەروەها لە ئەو دەرفەتە ڕەخساوە کە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی پەروەردە بکرێن.
خاتوو فرمێسک سپاس بۆ بەشداری کردنتان لەم وتووێژەدا و ماندووش نەبن
زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە و ئێوەش ماندوو نەبن.