بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ " ئەگەری شەڕی سێیەم" لەگەڵ ئێران بەردەوامن و دامەزراوە بەرگرییەکانی وڵاتەکە خەریکی داڕشتنی پلانن بۆ وەڵامدانەوەی خێرا.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، فەرمان دراوە کە کۆمەڵگا و دەزگا فریاگوزارییەکان بە خێرایی لە دۆخی ئاساییەوە بگۆڕدرێن بۆ دۆخی شەڕ.
هاوکات، سپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات کە ئێران لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوودا، دەتوانێت بە خێرایی و بە توانایەکی مووشەکیی بەهێزترەوە وەڵام بداتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، یەکەم کاروان لە فڕۆکە نوێیەکانی سووتەمەنیگەیاندنی ئەمریکایی ڕادەستی ئیسرائیل کران، کە ئەمەش توانای هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بۆ ئۆپەراسیۆنی دوورمەودا زیاتر دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی تێئلاڤیڤ نیشانەکانی نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان واشینگتۆن و تاران دەربڕیوە؛ چونکە بەشێک لە شیکەرەوان پێیان وایە شەڕەکانی ڕابردوو نەیانتوانیوە ئامانجەکانی ئیسرائیل دژی بەرنامەی ئەتۆمی و توانای سەربازیی ئێران بپێکن.
ئەم ئامادەکارییانە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشینگتۆن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ هێشتا بەردەوامە.