کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەکەی ترامپ لەسەر ئێران بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتڤ

09:13 - 9 جۆزەردان 2726

کۆبوونەوی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانیدا، کە بەپێی بەڵێنی پێشووی خۆی بڕیار بوو ئەنجامی چەند حەوتوویی دانوستان ڕوون بکاتەوە، دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر بێ ڕاگەیاندنی هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٩ی جۆزەردان ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، ڕایگەیاند کە ترامپ لەم کۆبوونەوەیەدا نەگەیشتووەتە چەمک و ئەنجامێک سەبارەت بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران.

سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارەکانی ساز دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بدات.

ترامپ وتبووی کە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەبێت چەند خاڵێک لەخۆ بگرێت، لەوانە: پێبەندبوونی ئێران بە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و لەنێوبردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمەکەی.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاتژمێرێک دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەم پەیامەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕایگەیاند کە لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات هێشتا کۆتایی و یەکلاکەرەوە نەبووە.