
دوو هاوپەیمانی سیاسیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێددراڵ و یەکگرتوویی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران، بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا کە لە ژێر ناوی "یەکگرتوویی و هاواهەنگی لەگەڵ خەباتی ژنان تا ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، دیکتاتۆر و دژە ژن"، بڵاو کراوەتەوە هاتووە "ژنان لە ئێران نە تەنیا لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس بێبەش کراون بەڵکوو هەر چەشنە ناڕەزایەتیدەربڕین بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، توندوتیژی و نادادپەروەری لەلایەن ژنانەوە وڵامێکی کەمتر لە سەرکوت، دەسبەسەرکران، ئەشکەنجە و ئازار و لەسێدارەدانی نابێت".
لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسراوە: "ماوەی ٤٦ ساڵە کە ژنان بەردەوام بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی دیکتاتۆر و دژە ژن خەبات دەکەن، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە باشی ئەو بابەتەی ڕوون کردەوە کە سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوت، ئەشکەنجە، دەسبەسەرکران و لەسێدارەدانانە، خەباتی ژنان لە ئێران بە شێوازگەلی جۆراوجۆر بەردەوامە".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ یاسای دواکەوتووی حیجابی زۆرەملێ سەرەڕای سزاگەلی نادادپەروەرانەی قورس، دەسبەسەرکران و بەندکران لە نەخۆشخانەی ئاڵۆزییە دەروونییەکان، یەکێک لە گۆڕەپانەکانی خەباتی ژنان بە دژی ڕێژیمی ئێرانە.
ڕاگەیەندراوەکە بە ئاماژەدان بە خەبات و چالاکیی ژنان لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەدەنی و هونەری و هەروەها ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێژیم بەم هۆیەوە بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوو و پاش لە بزووتنەوەی ژینا، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر ژنان و ڕۆژانە ڕێژەیەکی زیاتر لە ژنان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکات و ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر ئەم ژنانە بوونەتە وزە بۆ کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان لە بەندیخانەکانی ئێراندا.
ئەم دوو هاوپەیمانییە سیاسییە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ بەندکراوانی سیاسیی کورد، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەممەدی بە توندوتیژی سیستماتیک بۆ سەر ژنان دەزانن و پشتڕاستیشیان کردووەتەوە کە دەسەڵات لە ڕێگەی یاساگەلی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووەوە، هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە کۆمەڵگادا داڕشتووە و بە شێوەیەکی قیزەونانە لە هەوڵدایە تاکوو بە چڕکردنەوەی سەرکوتەکان و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، لەگەڵ بزووتنەوەی بنەڕەتشکێنی ژنان بەرەوڕوو ببێتەوە.
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و یەکگرتوویی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران، ڕایانگەیاندووە کە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران بە یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی خەبات بە دژی ڕێژیمی "پیاوسالار" دەزانن و جەختیان کردووەتەوە کە شانبەشان و هاوپەیمان لەگەڵیاندا لە ڕێگەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی، هەنگاو هەڵدەگرن.
ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس لە ژنانی ئێران و جیهان، خوازیاری ئازادیی هەموو بەندکراوانی سیاسی بەتایبەتی ژنانی بەندکراو و هەروەها پووچەڵکردنەوەی هەموو حوکمەکانی لەسێدارەدان، لەوانە حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە موحەممەدی، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بووەتەوە.