کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری زامی گەل و مێژووی خەم و خۆڕاگری

02:19 - 19 رەشەمه 2724

نوێنەری زامی گەل و مێژووی خەم و خۆڕاگری (شەهید عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر)

برایم چووکەڵی

گەورە پیاوێک کە لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارە ئاور لە ژیان و خەباتی دەدەینەوە، شەهید عەبدوڵڵا قادری‌ئازەرە کە خوێنی تێکەڵ بە خوێنی ڕێبەری گەورەمان د. قاسملوو بوو.

شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە شاری نەغەدە چاوی بەدنیای ڕوون کردەوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کرد و بۆ خوێندن لە هونەرستانی سەنعەتی چووە ورمێ ‌و ئەو قۆناغەی لە ماوی ٣ ساڵدا بڕی و ساڵی ١٣٤٨ دیپلۆمی فەننی هونەرستانی سەنعەتیی وەرگرت. ساڵی ١٣٤٩ نێردرایە سەربازی ئیجباری و دوای تەواوکردنی دەورەی ئاموزشی چووە قەزوێن و وەک سپای دانشی لە گوندی" ئەڵەمووتی "سەر بەو شارە دەستی بە گوتنەوەی وانە بە منداڵان کرد و، پاش تەواوکردنی دەورەی سپای دانش گەڕایەوە بۆ شاری نەغەدە.

عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر دوایە وەک مامۆستا لە ئیدارەی پەروەردە دامەزرا و بۆ ماوی دوو ساڵ ئەو ئەرکەی بەجێ هێنا. دواتر بەهۆی هۆگریی زۆر و تایبەتیی بە کاری هونەری چووە ئەنیستیتۆی کاروباری هونەرە جوانەکان لە شاری تاران و بۆ ماوی دوو ساڵ لەو ئەنیستۆیە خوێندنی و فەوقی دیپلۆمی هونەری وەرگرت. بەدوای بڕینی ئەو قۆناغە گەڕایەوە شاری نەغەدە و لە دبیرستانەکانی ئەو شارەدا خزمەتی منداڵانی هەر دوو نەتەوەی تورک و کورد دەکرد. وەک بۆخۆی بۆ هاوسەنگەرانی باس کردبوو، وانەگوتنەوە لە قوتابخانە بۆ ئەو تەنیا ئامرازێک بۆ بژێو و خۆژیاندن نەبوو، بەڵکوو ئەو بە زانین و تێبینییەوە پیشەی مامۆستایەتیی هەڵبژاردبوو هەتا لەو ڕێگەیەوە خزمەتی زیاتر بە نەتەوە بەشخوراوەکەی بکا. ئەوە بوو کە عەبدوڵڵای قادری‌ئازەر لە ڕێگای قوتابخەنە و قوتابییەکانیەوە لەگەڵ ژیانی پڕ لە چەرمەسەری و کوێرەوەری گەلەکەی ئاشنا دەبوو، و هەم دەرد و هەم دەرمانی بە قوتابییەکانی دەگوت.

عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر هەتا ساڵی ١٣٥٧ مامۆستای قوتابخانەکان بوو، و دوای ئاشکرابوونی تێکۆشان و چالاکیی سیاسی و پێشمەرگانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێوەندی بە حیزبی دیموکراتەوە گرت و وەک ئەندامی حیزب هەتا سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان وەک کادری تەشکیلاتی و شاراوەی حیزب لە شاری نەغەدە کاری کرد. بەدوای دەست‌پێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب لە شاری نەغەدە و دامەزرانی کۆمیتەی حیزب  لەو شارە کاک عەبدوڵڵا بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و به‌ ئیمانێكی‌ به‌هێزتر ‌و بیروباوه‌ڕێكی‌ قووڵتر قۆڵی‌ بۆ خه‌بات دژی‌ دوژمنانی‌ ئازادی ‌‌و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ خه‌ونی‌ تواندنەوەی گه‌لی‌ كوردیان هەبوو هه‌ڵماڵی‌.

عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر له‌نێو ڕیزه‌كانی‌ حیزبدا به‌هۆی‌ لێهاتوویی ‌‌و تێگه‌یشتوویی‌ ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەناسرا و وەک کادرێکی هەڵسووڕ جێگای خۆی لە دڵی خەڵک و هاوسەنگەرانیدا دەکردەوە. ئەو بە جوانی و تێگەیشتوویی زۆرەوە سیاسه‌ته‌كانی‌ حیزبی‌ له‌نێو خه‌ڵكدا شی‌ ده‌كرده‌وه و بۆ هه‌موو مه‌ئموورییه‌تێك سه‌رله‌پێناو بوو. ئەو له‌ژیانی‌ حیزبایه‌تیدا به ‌هه‌موو هه‌ست ‌و توانا ‌و فیداكارییه‌وه‌ تێكۆشا ‌و به‌ لێهاتووییه‌وه‌ پله‌كانی‌ سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌ركه‌ حیزبییه‌كانی‌ یه‌ك له‌دوای ‌یه‌ك بڕی‌. بەرپرسایەتیی کۆمیتەی حیزب لە شاری نەغەدە، کار لە ڕادیۆ، نەخۆشخانە، کۆمیسیۆنی ماڵی بەشێک لەو ئەرکانە بوو کە عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر لە ماوەی ژیانی حیزبییدا ڕایپەڕاندن.

شەهید عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر لە کۆنگری ٧ی حیزبدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و دوای کۆنگرە وەک نوینەری حیزب لە ئورووپا چووە دەفتەری حیزب لە پاریس و بەرپرسایەتیی دەزگای دیپلۆماسیی حیزب لە دەرەوەی وڵاتی گرتە ئەستۆ و هەتا ڕۆژی شەهیدبوونی لەو بەرپرسایەتییەدا خزمەتی گەل و خاک و حیزب و نیشتمانەکەی کرد. ئه‌و كوڕی‌ ڕۆژانی‌ ته‌نگانه‌ی بوو و به‌رامبه‌ر به‌ حیزب ‌و ڕێبازه‌كه‌ی‌ ڕۆڵه‌یه‌كی‌ به‌ئه‌مه‌گ‌ و وه‌فادار بوو. ئینسانێكی‌ خه‌ڵكی‌‌ و خاكی‌، دڵپاك‌ و به‌رپرسێكی‌ لێوه‌شاوه‌‌ و خۆشه‌ویست بوو.

شەهید عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر تێکۆشەرێکی بەئیمان، کادرێکی لێهاتوو، و ڕووناکبیرێکی شۆڕشگێر بوو، هیچکات لە ئەرکە پێ‌سپیردراوەکاندا ماندووبوونی نەدەناسی. کەسایەتییەکی مەتین، بەحەوسەلە و بیرورد بوو. ئەو لە ماوەی کاری پێوەندییەکاندا بەتەواوی شارەزای زمانی ئینگلیسی وفەرانسەوی ببوو، و لە ماوەی ٥ ساڵ کارکردن لە دەروەی وڵات و بەهۆی پێوەندی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی ئورووپا و بەتایبەتی ئەو پیوەندییانە کە بە هاوکاریی شەهید دوکتور قاسملوو دەیگرتن، توانیبووی ئەزموونێکی زۆر لە کاری دیپلۆماسی بخاتە سەر یەک و لە بەرەوپێشبردنی ئەرک و خەباتی حیزبی و نەتەوەییدا بەکاریان بێنێ.

شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر ڕۆژی ٢٢ی پووشپه‌ڕی ١٣٦٨ (١٣/٨/١٩٨٩) و له‌ کاتێکدا هاوڕێیەتیی شەهید د. عەبدوڵڕەحمان قاسملووی لە بەناو وتووێژ لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی پرسی کورد ده‌کرد، له‌گه‌ڵ فازیل ڕەسووڵ، ڕووناکبیری کوردی عێڕاقی و مامۆستای زانکۆ له‌ ڤییه‌ن به‌ده‌ستی نوێنه‌رانی رێژیمی ئیسلامی شه‌هید کران.