
حوسێن بروشکی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای بەلووچستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە ئاماری وازهێنانی قوتابییان لەم پارێزگایە بە وردی ڕوونکردنەوەیەکی دا و ڕایگەیاند: لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠ هەزار قوتابی لە بەلووچستان وازیان لە خوێندن هێناوە.
هێرانا لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: مافی خوێندن یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان، کە لە یاسای نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دانی پێدا نراوە، و بەپێی ماددەی ٣٠ی یاسای بنەڕەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکوومەت پابەندە بە دابینکردنی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەموو هاووڵاتییان تا کۆتایی قۆناغی ناوەندی.
هەروەها بە پێی ماددەی ٢٨ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە ئێرانیش ئەندامی ئەو کۆنواسیۆنەیە، وڵاتانی ئەندام پابەندن بە دابینکردنی مافی خوێندن بۆ منداڵان و دەبێ ڕێگری بکەن لە هەر ئاستەنگێک کە لە بەردەم دەستڕاگەیشتن بە خوێندندا هەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا، لە سەروبەندی ساڵی نوێی خوێندن، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە بارەی کەمیی شوێنی خوێندن و دۆخی ناڕەزامەندیی خزمەتگوزاری قوتابخانەکان و پەنابردنی منداڵان بۆ کارکردنی وەکوو ڕاگواستنی سووتەمەنی، هەبوونی کێشەی کولتووری، منداڵ هاوسەریی کچان و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی پارێزگای بەلووچستان بێ بەڵگە و ناسنامەن و ئەمانە هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن لەم پارێزگایەن.
هەروەها ئەو ئاژانسە هەواڵییە نووسیویەتی کە هەندێک ئامار ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم پارێزگایەدا ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار کەس و بگرە زیاتریش وازیان لە خوێندن هێناوە؛ و ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن بەجێ ماون یان وازیان لە خوێندن هێناوە تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ١٥ ساڵیدایە.
شایانی باسە ئەم ئامارە فەرمییانە بە کەمکردنەوەی ئاماری ئەو کەسانە ڕادەگەیەنرێن کە ناسنامەیان نییە.
هەروەها بە وتەی غوڵامڕەزا نەجەفی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی تاوان لە بەشی دادی گشتیی بەلووچستان، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە نێوان قوتابییانی قۆناغی سەرەتاییدا ٤٢ هەزار و ٨٤٥ کەسە، لە کاتێکدا ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە نێوان قوتابیییانی یەکی دواناوەندی ٣٧ هەزار و ٩٥٨ کەسە و لە قۆناغی دووی دواناوەندی ٨٦ هەزار و ٦٤ کەسە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکخستنی نەشیاوی قوتابخانەکان لەو پارێزگایە و کەمبوون و نەبوونی مامۆستای باش و کێشەگەلی کولتووری بە تایبەت بۆ کچان و لە هەمووی گرینگتر هەژاری هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم دۆخەن.