کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی: ئێران لە حاڵی پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بۆ بەرههێنانی بۆمبی ناوکییە

11:33 - 19 رەشەمه 2724

ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی هۆشداری دا لەوەی مەترسییەکانی پێشبڕکێی چەکۆچۆڵ لە زیادبووندایە و هێندێک وڵات یەک لەوان ئێران سەرلەنوێ بە سیاسەتە ناوکییەکانیاندا دەچنەوە.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەریی خۆیان لەدەست داوە و لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە زۆر پەرەی گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، گرووسی هۆشداری داوە کە نەزمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێساکان بەرەو لاوازبوون دەچێت و هێندێک وڵات باس لە پێویستیی گەیشتن بە هێزی بەرگێڕەوەی ناوکی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێندرێنەوە یان ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، ڕەنگە لە پەیمانی ''قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی'' بکشێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی حەوتووی ڕابردووش لە کۆبوونەوەی شۆرای بڕیاردان سەبارەت بە زیادبوونی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هۆشداری دابوو.

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای جەختکردنەوەی دۆناڵد ترامپ، لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند، تاران هیچ مەیلێکی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە.

ناوبراو وتبووی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕابردووی ئێران تەنها تاکتیکێک بوو بۆ کڕینی کات، و لە هەمان کاتدا بەردەوام بوو لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و پەرەپێدانی چەکی دوورهاوێژ و دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا.