
بەرپرسێکی باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی دانی بەوەدا ناوە کە پیلانی کوشتنی چەند دژبەری ڕێژیمی لە دەرەوی وڵات، فەرماندەیی کردووە .
موحسێن ڕەفیقدووست، یەکەمین وەزیری سپای پاسداران و بەرپرسی پێشووی "بونیادی موستەعزەفان"، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی پیلانی تێرۆری چەند بەرپرسی باڵای ڕێژیمی پێشووی ئێرانی وەک شاپوور بەختیار، شەهریار شەفیق، غوڵامعەلی ئۆوەیسی و فەرەیدوون فەرۆخزادی لە ئەستۆ بووە.
ڕەفیقدووست ئاشکرای کردووە کە پیلانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو کاتەدا لەلایەن گرووپی جیاخوازی "باسک"ی ئیسپانیاوە جێبەجێ دەکرا.
ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە کە فەرماندەیی هێندێک لە تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی ئەودا بووە و پارەیان بە گرووپە تێرۆریستی و تاوانکارەکان داوە تاکوو تێرۆرەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات.
ئەم بەرپرسەی پێشووی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ تێرۆری شاپووری بەختیار لەم وتووێژەدا دەریخستووە کە پاش دەسبەسەرکرانی "ئێنیس نەقاش" بەرپرسی یەکەمین هەوڵی تێرۆری بەختیار لە فەرانسە، خۆی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە و لە دانیشتنیک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی فەرانسە، هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر "ئێنیس نەقاش" تا دوو حەفتەی دیکە ئازاد نەکرێت، فەرانسە نابێت گلەیی لە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەیەکی یان ڕفاندنی فڕۆکەیەکی موسافربەری بکات.
ئەم قسانەی ڕەفیقدووست لە ئێستادا و لە کاتی گرژبوونەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ئورووپا و هاودەنگیی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، دەتوانێت ئامانجی هەڕەشەیەک بەرامبەر بەم وڵاتانە بێت کە دەبێت چاوەڕوانی ئەم چەشنە هەوڵە تێرۆریستییانە بن.
ناوبراو لەم وتووێژەدا زۆر بە ڕاشکاوی و ڕوون هەوڵە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی وڵات و هەروەها هەڕەشە لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ ئەنجامی هێرشگەلی تێرۆریستی، باس دەکات.
تێرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە کوشتنی شەهریار شەفیق لە پاریسی پێتەختی فەرانسە دەستی پێ کرد.
لە درێژەی ئەم ساڵانەدا وڵاتانی ئورووپایی هەر کات تێرۆریستانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە هەوڵە تێرۆریستییەکانیان ئەنجام داوەیان دەسبەسەر کردووە، پاش ماوەیەک لە ژێر گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشە و بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانیان، ئازادیان کردوون و گەڕاندوویانیەوە بۆ ئێران.
بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و ئەنجامی سەدان تێرۆر و هەزاران هەوڵی تێرۆریستی لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی ئورووپا، تەنیا لە یەک دۆسییەدا کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتی تێرۆریستی دەناسرێت و بەرپرسانی باڵای بە بەڕێوەبەرانی فەرمیی تێرۆرەکە لە قەڵەم ئەدرین کە ئەویش تیرۆری دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی، یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دادگای میکۆنووسی ئاڵمان بوو.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وەک یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکیی تێرۆریزمی نیودەوڵەتی دێتە ئەژمار.