
پەیامی پشتیوانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی خاکیپۆشان
خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
ژنانی ئازا و لەسەرهەست!
ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو و بە ورە و گڕ و تینێکی نوێوە خەڵکی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ پێشوازی لە نەورۆزی کوردەواری و بۆ ئەم مەبەستەش بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و چالاکانی مەدەنیی کوردستان و بەدیاریکراوی "شوڕای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە بانگەوازێکدا وێڕای داواکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان، ناوی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردییان بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" ناودێر کردوە.
نەورۆز وەک بۆنەیەکی گەورەی نەتەوەیی بۆتە دەرفەتێک بۆ نیشاندان و سەلماندنی ناسنامە و خۆشەویستیی نیشتمان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ژنان بەشدارییەکی گرینگیان لە تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەییدا، بەتایبەت لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا گێڕاوە.
ژنان لە بەڕێوەچوون و بەرەوپێشچوون و گەشەدار کردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا، رۆڵی گرنگیان هەیە؛ بەشداریی ژنان و لاوان لە شانۆ و گۆرانییە کوردییەکان و چالاکییەکانی نەورۆزدا شایانی سەرنج و بایەخپێدانە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی لەم بانگەوازەی چالاکانی مەدەنی و خەڵکی کوردستان دەکا و داوا لە ژنانی ئازادیخواز و مافویستیی نیشتمان دەکا ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو بە گوڕ و تینەوە هاوشان و هاوڕێ لەگەڵ پیاوان بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بکەن و بە بەکارهێنانی جامانە و هەوری و جلوبەرگی خاکی، بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی خۆتان بکەن؛ هەموومان یەکدڵ و یەکگرتوو جارێکیتر نیشان دەدەین کە تا گەیشتن بە مافەکانمان نەسرەوتنانە لەسەر پێ و لە مەیدانین و بە شێوەی جۆراوجۆر بوون و مافی نەتەوەییمان ڕادەگەیەنین و ڕووبەڕووی زەوتکەرانی مافمان دەبینەوە. جارێکیتر ڕاپەڕینئاسا لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بەشداری دەکەین و سروودی خۆڕاگری و ئازادی و ئازایەتی و بەگژداچوونەوەی داگیرکەر دەڵێینەوە.
پیرۆز بێت "نەورۆزی خاکیپۆشان"؛
گەشاوە بێ ئاگری نەورۆزی کوردەواریمان؛
سەرکەوێ خۆڕاگری و خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازانەمان لەسایەی تێکۆشانی شار و شاخدا
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٩ی ڕەشەمەی ٢٠٧٢٤ی کوردی