
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندەکانی ڕێژیم گوشارەکان بۆ سەر بەرگدوورەکانیان زۆر کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان ناوەندەکانی ئەسناف و ئیتلاعات چوونەتە بەر دەم بەرگدوورییەکان و هەڕەشەیان لە بەرگدوورەکان کردووە کە نابێ بە هیچ شێوازێک جلوبەرگی خاکی بۆ خەڵک بدروون.
هەر لەم پێوەندییەدا، داوای دەفتەری ئەم دووکاندارانە کراوە کە بزانن کێ داوای جلوبەرگی خاکی کردووە کە بەرگدوورەکان دەفتەرەکانیان ڕادەست نەکردوون.
لە بەرەبەری نەرۆزی ئەمساڵدا کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێر کراوە، ڕێژیم بە شێوازی جیاواز لە هەوڵی سەرکوتی خەڵک بۆ پێشگرتن لە بەکارهێنانی جلوبەرگی خاکییە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهرووز فەرهەنگ" خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا.
هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر دووکانی ئەم هاووڵاتییە لە شەقامی "مەولەویی شەرقی" و دەسبەسەریان کردووە.
پاش پشکنینی دووکانی دروومانی بێهرووز فەرهەنگ، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر پاش دەسبەسەکرانی لە پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە.