
وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریە, کۆماری ئیسلامیی وەک هۆکاری هاندانی پاشماوەی هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد ناساند و ڕایگەیاند کە هێزەکانی دەسەڵاتدار لە سووریە کۆنترۆڵی شارەکانی لازقییە و تەرتوسیان بە دەستەوە گرتووە و عەمەلیاتی پاکسازیی ناوچە گوندنشینەکان بەردەوامە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە نائارامییەکانی سووریە، بەبێ ئاماژەدان بە لایەنێکی دیاریکراو وتی: ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وردی چاودێریی پێشهاتە ناوخۆییەکانی سووریەی کردووە و بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانە دەکات کە سەبارەت بە توندوتیژی و نائەمنی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە بڵاو دەکرێنەوە.
عەرەبستان و تورکیە هێرشەکانی لایەنگرانی ئەسەدیان مەحکووم کرد و جاسم محەممەد ئەلبودایوی سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداوی فارس ڕایگەیاند کە ئەو شۆرایە لە هەموو هەوڵ و کردارەکانیدا بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی سووریە لەگەڵ دەمیشقە.
چاودێری مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤٠ کەسی مەدەنیی عەلەوی کوژراون و وەزارەتی ئەمنییەتی گشتیی سووریەش پشتڕاستی کردەوە کە گرووپێکی چەکدار کە پێشێلکارییان لە دژی هاوڵاتییانی مەدەنی ئەنجام داوە دەسبەسەر کراون.
هێزەکانی عەلەویی سەر بە بەشار ئەسەد، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمە، هێرشێکی کوشندیان لە ناوچەی کەناراوی ئەم وڵاتە دژی هێزەکانی حکوومەتی ئەحمەد شەرع ئەنجام دا، کە بە وتەی بەرپرسان، ئەم هێرشە لە دوای هاتنەسەرکاری گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریە یەکێک بوو لە توندترین کردەوە توندوتیژەکان دژ بە حکوومەتی دەسەڵاتداری سووریە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە لەو هێرشەدا ٩٠ کەس لە ئەرتەش و ئیدارەی ئەمنییەتی سووریە و ١٦٠ کەس لە هێزە نیزامییەکانی پێشوو کوژراون.