
بەپێی ئامار و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە یەک ساڵی ڕابردوودا واتە لە ٨ی مارسی ساڵی ڕابردوو هەتا ٨ی مارسی ئەمساڵ، لانیکەم ٨٢ حاڵەتی سەرکوتی سیستماتیک دژی ژنانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە ڕوویان داوە.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕاپۆرتە پەرژاوەتە سەر دەسبەسەرکرانەکان، دادگاییکرانەکان، بڕیارە دادوەرییەکان و هەوڵەکانی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم دژی ژنانی کورد لە ماوەی زەمەنیی یەک ساڵدا.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ١٠ بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لەوانە پەخشان عەزیزی و وریشە مواردی کراوە کە بە لەسێدارەدان و زەینەب جەلالیان کە بە بەندکرانی هەتایی سزا دراون، کراوە.
لەم ماوە زەمەنییەدا ٢٢ ژنی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها ٤ ژنی کوردی دیکە کە پێشتر لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە بەندکران سزا درابوون، بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی بەندکرانەکەیان دەسبەسەر کراون و بۆ بەندیخانە ڕاگوێزراون.
هەموو ئەم کەسانە بە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بە بێ بەڵگەی یاسایی و هەندێکیان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کراون.
لەم ماوەیەدا ١٤ کەس لە ژنانێک کە پیشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و دۆسییەسازییان بۆ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلاب و کەیفەرییەوە بە دوو سزای سێدارە و ٢١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران سزا دراون.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٩ ژنی کورد بە ئامانجی دۆسییەسازی و ترساندن بانگی ئیتلاعات و دادسەراکان کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە تاکوو پێش بە چالاکییە مەدەنییەکان و ناڕەزایەتییەکانیان بگیردرێت.
هەروەها لەم ماوەیەدا ١٤ مامۆستای ژنی کورد لەلایەن ڕێژیمی دژەژنی کۆماری ئیسلامییەوە دەرکراون یان لەگەڵ بڕینی پلەبەندییەکانیان و دوورخرانەوە لە کارەکەیان بەرەوڕوو بوونەتەوە.
لە درێژەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی لە ڕاستای سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، ٩ حاڵەت لەوانە داخستنی شوێنەکان و پێبژاردن و دەستداگرتن بەسەر ماشیندا لە یەک ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە.
ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە سەرکوتی ژنانی کورد سیستماتیک بووە و ئامانجەکەی سنووردارکردنی ئازادییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیانە.
گوشارەکان بۆ سەر ژنانی کورد لە ڕێگەی بڕیاری دادوەری، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، سەپاندنی حیجابی ئیجباری و هەڕەشەی ئەمنییەتی، بەشێک لە سیاسەتی گشتیی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردن و سەرکوتی بزووتنەوە مەدەنییەکان و مافی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.