
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەمریکا کەوتنەبەر لێبوردەیی عێراق بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران، بۆ ساڵی داهاتووی نوێ نەکردووەتەوە و چیتر بەغدا ناتوانێت کارەبا لە ئێران بکڕێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە کۆشکی سپی هەموو هەوڵێک ئەدات تاکوو گوشارە هەمەلایەنەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کەم نەبێتەوە.
ئەم وتەبێژە زیادی کردووە کە کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی وزە بۆ عێراق جێگای متمانە نییە و داوای لە دەوڵەتی بەغدا کردووە تاکوو بە زووترین کات بەستراویی خۆی بە سەرچاوە وزەییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێنێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جەیمز هۆیت، وتەبیژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕاشکاوانە ڕێژیمی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر دەبێت دەست لە زێدەخوازییەکانی بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی هەڵبگرێت ئەگینا بەرەوڕووی گوشارە زۆرینەکان دەبنەوە.
واشینگتۆن لە حەفتەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک سزای بە سەر ئێراندا سەپاندووە تاکوو بتوانێت لەم ڕێگەیەوە تاران لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی پاشەگەز بکاتەوە.
نوێنەکردنەوەی لێبووردەیی بۆ عێراقیش هەر لە چوارچێوەی ئەم سزاگەلەدایە تاکوو بە هەموو شێوازێک سەرچاوە داهاتییەکانی کۆماری ئیسلامی خاشەبڕ بکرێت.
دەوڵەتی ترامپ پێشتریش گوشاری خستبووە سەر بەغداد تاکوو بە زووترین کات نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بازاڕی جیهانی بکرێتەوە.
واشینگتۆن لە هەوڵدایە تاکوو بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، پیش بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پاش ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بگرێت.