کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین و ئێران و ڕووسیە لە نزیک بەندەری چابەهار مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش ئەنجام دەدەن

11:55 - 20 رەشەمه 2724

وەزارەتی بەرگریی چین ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمە ڕایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران و ڕووسیە لەژێر ناوی'' پشتێندی ئەمنییەتی ٢٠٢٥'' لەم مانگەدا لە نزیک بەندەری چابەهار مانۆڕێکی دەریایی هاوبەش ئەنجام دەدەن.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی چین، ئەم مانۆڕە دەریاییە هاوبەشە، "مانۆرەکانی پێوەندیدار بە ئامانجە دەریاییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی زیانەکان و عەمەلیاتی هاوبەشی گەڕان و ڕزگارکردن'' لەخۆ دەگرێت.

وەزارەتی بەرگریی چین ڕایگەیاند کە مەبەست لەم مانۆڕە "بەهێزکردنی متمانەی سەربازیی هاوبەش و هاوکاریی کردەیی نێوان هێزی دەریایی سێ وڵاتی بەشداربووە".

هاوکات هەواڵدەریی ''تەسنیم'' ڕایگەیاندووە کە مانۆڕی ئەمنیی دەریایی ئێران، چین و ڕووسیە لە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز لە نزیک بەندەری چابەهار دەست پێ دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم مانۆڕە لە ناوچەی باکووری زەریای هیند بە ئامادەبوونی ناوگان و پاپۆڕ و پاڵپشتیی هێزە دەریاییەکانی چین و ڕووسیە و هەروەها ناوگانەکانی هێزی دەریایی ئەرتەش و سپای پاسداران و چاودێرانی چەندین وڵات بەڕێوە دەچێت.

هەواڵی ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەشی نێوان ئێران و چین و ڕووسیە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لەم دواییانەدا هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانی بە یەکێک لە بژاردەکانی سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە زانیوە.