
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمە، خاتوو مەنیجە سەعیدی کچی خوالێخۆشبوو عوبەیدوڵڵا سەعیدی و هاوسەری خوالێخۆشبوو خەلیل خانی عەلایی ئەردەڵان بەهۆی نەخۆشییەوە پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی سەقز بوو کە جیا لە پێگە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکەیان بەهۆی خێرخوازبوونی ناسراوی لای زۆرێک لە خەڵکی کوردستان بوو.
خاتوو مەنیجە بەهۆی بەشداریی هاوسەرەکەی لە شۆڕش، چەرمەسەری زۆری بینی و ئاوارەیی زۆری کێشا، بەڵام هەموو کات وەک لێی چاوەڕوان دەکرا نەیدەهێشت کەمایەسی بە ژیانی منداڵەکانییەوە دیار بێ.
خاتوو مەنیجە خۆی زۆر جاران یارمەتی شۆڕش و شۆڕشگێڕانی دەدا و یەکێک لە گەورەترین ئاواتەکانی ئازادیی کوردستان بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا بەچاوی خۆی ببینێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.